رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، جێگرەوەى ئەسعەد عێدانى، پارێزگارى بەسرەى لەنێو ئەنجوومەنى ئەو پارێزگایە دیاریکرد. دادگەى باڵاى فیدراڵی عێراقیش سکاڵایەکى رەتکردەوە بۆ سڕینەوەى ئەو 164 هەزار دەنگەى عێدانی کە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەدەستى هێنابوو.
بەگوێرەى نووسراوێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کە دووشەممە، سێی ئادار ئاراستەى نووسینگەى بەسرەى ئەو کۆمیسیۆنەى کردووە، جێگرەوەى ئەسعەد عێدانى لە ئەنجوومەنى پارێزگا دیاریکردووە، کە سامر ساڵحی-یە.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند "لە دواى هەڵبژاردنى ئەسعەد عێدانى وەک پارێزگارى بەسرە، کورسییەکەى لە ئەنجوومەنى پارێزگا بەتاڵ بووە و ئەو بەربژێرە جێگەى دەگرێتەوە، کە زۆرترین دەنگى بەدەستهێناوە و نەیتوانیوە ببێتە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا."
5ـی شوبات، ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بە زۆرینەى دەنگ بۆ جارى دووەم لەسەر یەک، ئەسعەد عێدانى وەک پارێزگارى شارەکە هەڵبژارد، کە هاوکات سەرۆکى هاوپەیمانى تەسمیمە کە زۆرینەى کورسییەکانى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێنا.
سامر ساڵحى، جێگەى ئەسعەد عێدانى دەگرێتەوە، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، لەسەر لیستى تەسمیم بەربژێر بوو و چوار هەزار و 491 دەنگى بەدەستهێنا.
دیاریکردنى جێگرەوەى ئەسعەد عێدانى هاوکات بوو لەگەڵ رەتکردنەوەى سکاڵایەک لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، کە لە دژى تۆمار کرابوو بۆ پوچەڵکردنەوەى ئەو دەنگانەى، لە هەڵبژاردن بەدەستى هێنابوو.
سکاڵاکە لەلایەن عەبدولکازم کینانى، بەربژێرى هاوپەیمانیی نەبنى تۆمار کرابوو، بۆ ئەوەى دادگەى فیدراڵى ئەو دەنگانەى ئەسعەد عێدانى بەدەستى هێناوە پووچەڵ بکاتەوە، عەبدولکازم کینانی، ئەسعەد عێدانی بە گەندەڵی تۆمەتبار کردبوو.
ئەسعەد عێدانی زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەسەر ئاستى عێراق بەدەستهێنابوو کە زیاتر لە 164 هەزار دەنگ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ