رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی جێگرەوە بۆ فەڵەستینییەکان لە دەرەوەی خاکەکەیان رەتدەکاتەوە و داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بەپەلە بەرپەرچی هەر پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بدەنەوە.
لەتیف رەشید، ئەو قسەیەی لە کۆنگرەی نائاسایی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کرد، کە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بە ئامادەبوونی سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، دەستیپێکرد.
لەتیف رەشید گوتی: "جارێکی دیکە جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان دەکەینەوە، کە داوای بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلی فەڵەستین دەکات لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی کە بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی دانی پێدابنرێت و پایتەختەکەشی قودسی پیرۆز بێت".
گوتیشی، وڵاتەکەی بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری قەدەخەکردنی کاری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی فەڵەستین (UNRWA) دەکات لەلایەن ئیسرائیلەوە، سەرکۆنەی ئەو داواش دەکات دوو ملیۆن فەڵەستینی لە خاکەکەیان لە غەززەوە بۆ دەوڵەتانی دیکە کۆچیان پێبکرێت.
سەرۆککۆماری عێراق هۆشداری دا لە "ئەنجامە کارەساتبارەکانی ئەو پڕۆژانەی ئامانج لێیان پاکتاوکردنی فەڵەستینییەکان و بێبەشکردنیانە لە مافی خۆیان لەسەر خاکەکەیان و ئەو لێکەوتە مەترسیدارانەی کە کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە دەبێت بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایش دەکات".
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسلامی کرد "بە خێرایی بجووڵێن و بە یەکگرتوویی و بە تووندی بەرپەرچی هەموو ئەو پڕۆژانە بدەنەوە، کە داوا دەکەن فەڵەستینییەکان لە خاک و وڵاتی خۆیان بەبێ هیچ مافێک کۆچیان پێبکرێت".
سەرۆککۆماری عێراق داوای "جووڵەی بەپەلە" دەکات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە. جارێکی دیکە داوای وڵاتەکەی دووبارەکردەوە، بۆ "دروستکردنی سندووقێک بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و هەڵسەنگاندێک بۆ دیاریکردنی پێویستییە سەرەکییەکان".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە "عێراق بە تووندی دەستبەسەرداگرنی فەڵەستین و هەر هەوڵێک بۆ شوێنێکی جێگرەوە بۆ فەڵەستینییەکان لە دەرەوەی خاکی خۆیان رەتدەکاتەوە".
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بەشداری لە دانیشتنی دەستپێکی کۆنگرەی لووتکەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە کرد بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی کەرتی غەززە و خاکی فەڵەستینییەکان.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مستەفا غالیب موخیف، راوێژکاری سەرۆککۆمار، قەحتان جەنابی، باڵیۆزی عێراق و نوێنەری هەمیشەیی لە کۆمکاری عەرەبی یاوەری سەرۆککۆماری عێراق دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ