رووداو دیجیتاڵ
پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر بەغدا؛ براندە ئەمریکییەکان لە پایتەختی عێراق دووبارە کەوتوونەتەوە بەر مەترسیی داخستن و هێرشکردنە سەریان، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ پاراستنیان بڵاوەیان پێکراوە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، تاوەکو ئێستا دوو لقی چێشتخانەی کەی ئێف سی (KFC) لە بەغدا داخراون، ئەوەش بەهۆی ترسیان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەکاتی کارکردندا. هاوکات، سەرجەم براند و چێشتخانە ئەمریکییەکانی دیکە بە هێزێکی زۆری ئەمنی تەنراون تاوەکو رێگری لە هەڕەشەکان بکرێت و نەهێڵن ببنە کردار، بەشێکیان هێشتا لەژێر سایەی ئەو هێزە ئەمنییانەدا بەردەوامن لە کارکردن.
عەلی عەمار، شۆفێری دلیڤەری لە یەکێک لەو چێشتخانانە، لەبارەی کاریگەریی هەڕەشەکان لەسەر کارەکانیان دەڵێت: "هاووڵاتییانی عێراق بایکۆتی براندە ئەمریکییەکانیان کردووە بەشێوەیەکی گشتی. بەڕاستی ترس هەیە، بەتایبەتی دوای شەهیدکردنی سەید عەلی خامنەیی دۆخەکە زۆر خراپە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی کردووە بەگشتی و بەتایبەتی لەسەر ئیشوکارمان."
ترسی راکێشانی عێراق بۆ نێو ململانێکان لای هاووڵاتییان دروستبووە. یوسف محەممەد، کە دووکاندارێکە، باس لەوە دەکات ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی عێراق نییە و دەڵێت: "ئەو شەڕە زۆر گەورەیە لەسەرمان، بۆ ئەوەی بە سەلامەت بژیت لەو شەڕە وەرنە دەرەوە بەهیچ شێوەیەک، ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی عێراق نییە، ئەم شەڕە لە پێش عێراقەوەیە بە پەنجا ساڵ، شەڕی تەکنەلۆژیایە نەک شەڕی گوتی و گوتمە."
لەلایەکی دیکەوە، خەلیل ساحم، کرێکاری چێشتخانە، هیوادارە زوو کۆتایی بە دۆخەکە بێت تاوەکو رزقیان نەبڕێت، "بێگومان کاریگەریی زۆری هەبووە، ئێمە هیوامان وایە کە هەرچی زووە ئەم شەڕە کۆتایی بێت و ئیتر لەوە زیاتر کاریگەری نەکاتە سەر بازاڕ. خەڵک دەیەوێت بژیت و دەرگای رزقی بەردەوام بێت."
شەڕی ئەمریکاو ئێسرائیل و ئێران، بەشداری گروپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی بە درۆن و مووشەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، عێراقییەکانی خستووەتە نێو دوودڵییەکی زۆرەوەو ترسی ئەوەیان هەیە بخزێنرێنەوە نێو ئەو شەرە بێ ئامانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ