رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی یان بۆردوومان لە پارێزگاکانی نەجەف و موسەننا دەکەن.
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی پارێزگاکانی نەجەف و موسەننا بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە. هیچ پرۆسەیەکی دابەزینی هێزی سەربازی لە ناوچە بیابانییەکان ئەنجام نەدراوە و هیچ بۆردوومانێکیش لە سەماوە رووی نەداوە."
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، نەکەونە داوی ئەو پڕوپاگەندانەی کە ئاسایشی گشتی دەخەنە مەترسییەوە و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، فەرماندەیی پۆلیسی موسەننا لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە هەندێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو هەواڵانەی باسی بۆردوومان یان هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی لەنێو پارێزگاکەدا دەکەن، دوورن لە راستییەوە."
پۆلیسی موسەننا رایگەیاند، "ئەو وێنانەی دەستاودەستیان پێدەکرێت، پەیوەندییان بە پارێزگای موسەنناوە نییە و تەنیا پڕوپاگەندەن."
فەرماندەیی پۆلیس دڵنیایی دایە دانیشتووانی پارێزگاکە و گوتی: "دۆخی ئەمنی بە تەواوی جێگیرە."
روونکردنەوەکەی پۆلیسی موسەننا دوای ئەوە هات، کە لە چەند کاژێری رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەک بڵاوکرایەوە و وەک "بۆردوومانکردنی سنووری پارێزگای موسەننا" باسکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ