رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق کە لە ناوچە سەربازییەکان، گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندان و دەوروبەری هەندێک خاڵی هەستیار دووربکەونەوە.
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا راگەیێندراوێکی "ئاگاداریی ئەمنی"ی بۆ هاووڵاتییانی تورکیا لە عێراق بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، پێشهاتەکانی عێراق لەلایەن باڵیۆزخانەی بەغدا و کۆنسووڵخانە گشتییەکان لە هەولێر، بەسرە، موسڵ و نەجەف لە نزیکەوە چاودێری دەکرێن و جەختکراوەتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان دۆخی ئەمنی لەبەرچاو بگرن و بە وریاییەوە بجووڵێنەوە.
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەداوە کە رەنگە دۆخی ئەمنی لە هەر کاتێکدا بگۆڕدرێ و دەڵێت، "بە بایەخەوە پێشنیاز دەکرێت هاووڵاتییانمان خۆپێشاندانەکانی بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا لەبەرچاو بگرن، لە گۆڕەپانەکانی کۆبوونەوەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دەوروبەری، هەروەها سەرجەم ناوچە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق دووربکەونەوە. هاوکات، لە بەرزترین ئاستدا گرنگی بە سەلامەتیی کەسیی خۆیان بدەن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە تورکیا، دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل کراوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ