رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی هێزێکی ئەمنی لە سنووری نێوان کەرەبەلا و نەجەف دەکات و رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییەوە سەربازێک کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون؛ هەروەها دەڵێ، ئەوە پێشێلکارییەکی مەترسیدارە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کە رۆژی چوارشەممە، 4ی ئاداری 2026 بڵاوکرایەوە، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی پشکنیندا لە ناوچە بیابانییەکانی نێوان هەردوو پارێزگای کەرەبەلا و نەجەف، رووبەڕووی بۆردوومانی ئاسمانی و تەقەکردن بوونەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشە بووەتەهۆی شەهیدبوونی سەربازێک و برینداربوونی دوو کەسی دیکە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەکرد، دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ زانینی وردەکاری و هۆکارەکانی ئەو رووداوە پێکهێنراوە، تاوەکو رێکاری یاسایی پێویست لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر.
فەرماندەییەکە بە تووندی هێرشەکەی سەر هێزەکانی سەرکۆنە دەکات و رایگەیاند: "دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە بەرامبەر هێزە ئەمنییەکانمان لەنێو خاکی خۆمان و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، پێشێلکاری و کارێکی بێ پاساوە. ئەم بەزاندنە دەستدرێژییەکی رەتکراوەیە و بەپێی یاسا و نەریتە سەربازییە کارپێکراوەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ