رووداو دیجیتاڵ
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە سەربازییەکانی سەر خاکی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم شەڕە "نادادپەروەرانەیە" و دەبێت دەستبەجێ رابگیرێ؛ هۆشداریش دەدات کە ئەم جەنگە ناوچەکە بەرەو وێرانکاری و ناسەقامگیرییەکی درێژخایەن دەبات.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی عەلی سیستانیدا هاتووە: "چەند رۆژێکە دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر خاکی ئێران بەردەوامە و بووەتەهۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان، لەوانەش منداڵان و خەڵکی سڤیل، جگە لە زیانە گەورە مادییەکان کە بەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت کەوتوون."
مەرجەعی باڵای شیعەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە بازنەی شەڕەکە بۆ چەند وڵاتێکی دیکەش فراوان بووە و دیمەنێکی نامۆی دروستکردووە کە ناوچەکە شتی وای بەخۆیەوە نەدیوە.
سیستانی رەخنەی تووندی لە بڕیاری تاکلایەنە گرتووە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی گشتگیر دژی وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی رووخاندنی سیستمی سیاسی یان سەپاندنی مەرج بەسەریدا.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە جگە لەوەی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، "پێشهاتێکی مەترسیدارە" و دەبێتەهۆی دروستبوونی پشێوییەکی گەورە کە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەبێت و بەڵا و نەهامەتی بۆ گەلانی ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
نووسینگەی سیستانی داوا لە هەموو موسڵمانان و ئازادیخوازانی جیهان دەکات کە ئەم شەڕە شەرمەزار بکەن و هاوسۆزی گەلی "ستەملێکراوی ئێران" بن؛ هەروەها داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی ئیسلامی دەکات هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ دەستبەجێ راگرتنی شەڕەکە بخەنە گەڕ.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێویستە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەرێکی ئاشتییانەی دادپەروەرانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بدۆزرێتەوە بۆئەوەی رێگری لە زیاتر تێکچوونی دۆخەکە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ