حەشدی شەعبی: ئەمریکا دوو هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانمان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن حەشدی شەعبی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەییەکی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیێنێت، هێزەکانی ئەمریکا دوو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانیان لە پارێزگاکانی بابل و ئەنبار. فەرماندەییەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە هێرشەکان هیچ زیانێکیان لێ نەکەوتووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی جەزیرەی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 21:00ـی شەوی 3ـی ئادار، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر یەکێک لە بارەگاکانیان لە ناوچەی جوڕفولسەخر لە باکووری پارێزگای بابل، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
 
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبی، لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی قائیم لە پارێزگای ئەنبار، کاژێر 01:50ـی خولەکی بەرەبەیانی 4ـی ئادار، بۆ دووەم جار هێرشکراوەتە سەریان و هەمان ئەو بارەگایە کراوەتە ئامانج کە پێشتر بۆردوومان کرابوو؛ بەگوتەی فەرماندەییەکە، ئەو هێرشەش بێ زیان بووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، کەناڵەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاویانکردەوە، کە لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە و موسەننا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و بەهۆی هێرشەکانیشەوە کوژراو و بریندار هەن.
 
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانەی عێراق دوای ئەوە دێن، کە رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و دواتریش تاران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. لە دوای ئەو پێشهاتانەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران، پاڵپشتیی خۆیان بۆ تاران دەربڕیوە و تاوەکو ئێستاش چەند جارێک بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆریەکی نەوت

حکومەتی عێراق دڵنیایی دەدات؛ 'راگرتنی هەناردەی نەوت کار ناکاتە سەر دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆ'

وەزارەتی نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دڵنیایی دەداتە خەڵک سەرجەم پاڵاوگەکانی نەوت لە باشوور، ناوەڕاست و باکووری وڵات بەردەوامن لە کارکردن بە توانای تەواوی خۆیان بۆ بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی سووتەمەنی.