رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی نووری مالیکی جارێکی دیکە بڕیاری کشانەوەی مالیکی لە بەربژێربوون بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتدەکاتەوە. بەگوتەی سەرکردەیەکی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقیش، زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری کشانەوەی نووری مالیکییان داوە.
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ 4ی ئاداری 2026 لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە کشانەوەی نووری مالیکی لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و گوتی، "ئەو قسانە راست نیین؛ هیچ بڕیارێکی فەرمیش دەرنەچووە."
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە هات لە هەندێک میدیا وتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێککەوتنی سەرەتاییان کردووە کە نووری مالیکی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکشێننەوە و مالیکیش رەزامەندی داوە کەسێکی دیکە بەربژێر بکرێت.
هاوکات هەریەکە لە عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بە سەرۆکایەتی هومام حموودی و ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتیان، "هەواڵی کشانەوەی نووری مالیکی راست نییە."
بەڵام سەرکردەیەکی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی قسەیەکی جیاواز دەکات. حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە پێشتر دەنگیان بە بەڕێز مالیکی دابوو، بڕیاریانداوە بەردەوام نەبن لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق".
قەیس خەزعەلی هەر لەسەرەتاوە تێبینی لەسەر بەربژێربوونی مالیکی هەبوو و لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگی پێنەدا. بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی عەسائیب، "بڕیاری کشانەوەی مالیکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دراوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە کە بڕیارە لە کاتێکی گونجاودا رابگەیەنرێت."
24ی کانوونی دووەمی 2026 چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات.
سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و گوتی، "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ