کۆمەڵ لە پارێزگای سەلاحەدین پۆستێک وەردەگرێت

04-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستێک لە ئیدارەی پارێزگای سەلاحەدین وەردەگرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 4ـی نیسانی 2024، یاسین محەممەدعەلی دادوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنی لەبارەی پشکی لە ئیدارەی خۆجێی پارێزگای سەلاحەدین کردووە، بەپێی رێککەوتنە دەنگی بە هەڵبژاردنی بەدر فەحل، پارێزگاری نوێی سەلاحەدین داوە، بڕیارە پۆستەکانی یاریدەدەری پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان، دوو راوێژکاری پارێزگار و ژمارەیەک پۆستی دیکە بۆ یەکێتی بێت.
 
یاسین دادوی، کە تاکە نوێنەری کورد و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، پۆستی یەکێک لە دوو راوێژکارەکەی پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەبێت.  
 
سەبارەت بە ناوی بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستانە، داودی گوتی، تائێستا بە فەرمی هیچ ناوێک بۆ ئەو پۆستانە پێشکێش نەکراون. بڕیارە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن"، سەرۆکی پارتی جەماوەریی بکەن، بۆ تاوتوێکردنی چۆنیێتی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی پێشتر کردوویانە.
 
کەریم شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تاکە نوێنەری کوردە لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، ئەو پۆستانە هەر تەنیا بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نابن، بەڵکو هەوڵدەدەن بەشی لایەنە کوردستانییەکانی لێبدەن بەتایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردن هاوکارییان کردوون، وەک گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، حیزبی شیوعی، یەکگرتووی ئیسلامی، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش.
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک بەربژێری هەبوو کە لەنێو لیستی پارتی جەماوەریی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن" بەشدار بوو، توانی سەربکەوێت و ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە. رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئاداری 2024، بە 13 دەنگ، بەدر مەحموود فەحل ـی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.  

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە