رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تاوەکو ئێستا، 85 جار بارەگا و بازگەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی عێراق بۆردوومان کراون و لە ئەنجامدا 139 چەکدار کوژراون و بریندار بوون. زۆرترین هێرش لە نەینەوا بووە، لیواکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا زۆرترین هێرشیان کراوەتەسەر، لە بەرامبەردا گرووپە چەکدارەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە 772 هێرشیان کردووە.
ئەو هێرشانە لە 36 رۆژدا واتە لە 28ی شوبات تاوەکو بەیانی 4ی نیسان کراون، واتە لەو رۆژەی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
85 بۆردوومان و 74 کوژراو
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق بە فەرمی بڵاویکردوونەتەوە، لە 28ی شوباتەوە 85 جار بارەگا و بازگەکانی هێزە جیاوازەکانی سەر بەو دەستەیە بۆردوومان کراون. لە ئەنجامدا 74 چەکدار کوژراون و 65 چەکداریش بریندار بوون.
لەنێو کوژراوەکان دا فەرماندەی فەوج و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد هەن.
ئەو هێرشانە زۆربەیان بە فڕۆکە کراون و حەشدی شەعبیش ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار دەکات. هەرچەندە ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە کە هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام ئیسرائیل لەسەر ئەو هێرشانە هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە.
حیزبوڵڵا ئامانجى یەکەمە
بە گوێرەى ئامارى دەستەى حەشدی شەعبی، بۆردوومانەکان زیاتر لە 25 لیوای سەر بەو دەستەیەیان کردووەتە ئامانج، کە سەر بە گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بوون.
زۆرترین هێرش لەو 35 رۆژەدا کراونەتە سەر لیواکانی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کە 9 جار بۆردوومان کراون؛ حەوت بۆردوومانیان لیوای 45 و دوو بۆردوومان لیوای 47، کە زیاتر لە رۆژئاوای ئەنبار باڵادەستن.
ئەحمەد حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە و فراکسیۆنی (حقووق)ی هەیە لە پەرلەمانی عێراق کە 6 کورسی هەیە.
دووەم زۆرترین هێرش کراوەتە سەر لیوای 30ی حەشدی شەعبی کە پێنج هێرش بووە. لیوای 30 کە بە لیوای حەشدی شەبەک ناسراوە، لەلایەن محەممەد جەمیل (ئەبو ئەحمەد)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە دەشتی نەینەوا باڵادەستن.
لیوای 31ی حەشدی شەعبی سێیەمین زۆرترین هێرشی بەرکەوتووە، کە سێ هێرش بووە و سەر بە گرووپی ریسالیون و عەدنان شەحمانی ئەمینداری گشتییەتی.
نەینەوا زۆرترین بۆردوومان کراوە
بە گوێرەى ئامارەکانى دەستەى حەشدی شەعبی، ئەو بۆردوومانانەى بنکە و بازگەکانی گرووپەکانی کردوونەتە ئامانج لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، بابل، سەلاحەدین، نەینەوا، بەغدا و دیالە بوون.
بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە نەینەوا زۆرترین جار بۆردوومان کراون کە 13 جار بووە، بەدوایدا پارێزگای ئەنبار دێت کە 11 جار بنکە و بارەگاکانى ئەو گرووپە بۆردوومان کراون
لە پارێزگای بابل و بەدیاریکراوی لە ناوچەی جروف سەخەر، حەوت جار گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون، لە سەلاحەدین شەش جار و لە کەرکووکیش چوار جار بۆردوومان کراون.
موقاوەمە: 772 هێرشمان کردووە
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقیی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهاتووە، لە 28ی شوباتەوە بەرپرسیارێتی لە زۆربەی ئەو هێرشانە راگەیاندووە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان لە عێراق.
بە گوێرەی ئاماری ئەو گرووپە، لە 35 رۆژی دەستپێکردنی جەنگەکەدا 772 هێرشیان کردووە.
دوایین ئامار، گرووپەکە بەیانى شەممە 4ى نیسان بڵاویکردەوە، کە گوایە لە 24 کاژێرى رابردوودا 19 هێرشی کردووە.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکانی لەو ماوەیەدا لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کردووە، بەشێك لەو گرووپانە لەوانە سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولکەهف و ئەولیائوڵڵا زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
زۆرترین هێرش کە ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرتووە لە 17ی ئاداردا بووە، کە 47 هێرش بووە، کەمترین هێرشیش لە 12ی ئاداردا بووە، کە 13 هێرش بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ