رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ باشووری عێراق بەتەواوی راگرت و هەناردەی گازیشی بۆ نێوەڕاستی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی شەممە 4ی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجامی لێکەوتەکانی شەڕەوە هەناردەکردنی گازی بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق بەتەواوی راگرت".
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەمە دووەمین جارە، ئێران هەناردەکردنی گاز بۆ باشووری عێراق رادەگرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەکردنی گازی بۆ نێوەڕاستی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئێستا تەنیا 5 ملیۆن مەترسێجا گاز هەناردەی ناوەڕاستی عێراق دەکات.
هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە لە 21ی ئادارەوە دەستیپێکردووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی بۆردوومانکردنی سەرەکیترین کێڵگەی گازی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل لە 18ی هەمان مانگ راگیرا.
عێراق بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران و گازی بەرهەمهێندراوی ناوخۆیی دەبەستێت.
پێشتر رۆژی سێشەممە، 24ی ئاداری 2026، ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕی گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە بەرەبەرە زیاد دەبێت و لە 5 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 18 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە، ئەوەش دەبێتەهۆی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای نێوەڕاست و باشووری عێراق دروست ببوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ