رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا سوپاسی گەلی عێراق دەکات بۆ پشتیوانیکردنیان لە ئێران و رایدەگەیێنێت، عێراق لەو سنووردارکردنانەی خراونەتە سەر تەنگەی هورمز، بەدەر دەکرێت.
لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی گەلی عێراق کراوە، ئیبراهیم زولفەقاری دەڵێت: "ئەمریکای تاوانبار و قەوارەی زایۆنی بە هاوکاریی هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان، دەستدرێژییەکی دڕندانەیان کردە سەر سەروەریی نیشتمانی و ئیسلامیی وڵاتەکەمان. ئەوان بە ترسنۆکانە ژنان، منداڵان و خەڵکی سڤیلیان بۆردوومان کرد و قوتابخانە، قوتابیان و ناوەندە تەندروستییەکانیان کردە ئامانج."
گوتەبێژەکە ستایشی هەڵوێستی عێراقییەکان دەکات و دەڵێت: "لەم کاتەدا، گەلی عێراق هەڵوێستێکی حەکیمانە و راستیان بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبوو. ئێمە بە راستی دەڵێین، گەلی ئێران بە تەنیا نەبوو، بەڵکو دڵ و فرمێسک و هەڵوێستەکانتان لەگەڵمان بوون. ئەم پشتیوانییەتان دەبێتە مایەی بەهێزبوونی ئیرادەی ئێمە بۆ بەردەوامبوون لە تێکۆشان."
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا کە سەر بە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە گوتی: "لێرەوە رایدەگەیێنین کە عێراقی دۆست، لە هەر جۆرە سنووردارکردنێک کە لە تەنگەی هورمزدا دامانناوە، بەدەر دەکرێت. ئەو سنووردارکردنانە تەنیا وڵاتە دووژمنەکان دەگرێتەوە. ئێمە رێزێکی زۆر بۆ سەروەریی نیشتمانیی عێراق دادەنێین، چونکە ئێوە گەلێکن کە ئازاری داگیرکاریی ئەمریکاتان چەشتووە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ عێراق تاوەکو کۆتایی بە بوونی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی بهێنێت و رێگری لە "تاڵانکردنی سامانی وڵاتەکەی" بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سڵاوی بۆ شەهیدانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی و مقاومەی ئیسلامی نارد و رێزی خۆی بۆ زانایانی ئایینی و مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە عێراق دەربڕی و گوتی: "گەلی ئێران و عێراق لە یەک سەنگەردان و پێکەوە سەرکەوتن بەدەستدەهێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ