رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی میسان رایگەیاند، کۆگەکانی سەر بە کۆمپانیاکە لە کێڵگەی نەوتی بوزورگان لە رێگەی چەند درۆنێکەوە کرایە ئامانج. ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لەنێو کارمەندانی کۆمپانیاکەدا لێنەکەوتووەتەوە.
ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "کۆگەکانی کێڵگەی نەوتی بوزورگان رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەتەوە، بەڵام سەلامەتیی کارمەندان پارێزراوە."
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای میسان رایگەیاند، هێرشەکە بە چوار درۆن کراوە.
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوە ئەمنییەکە، هێرشەکە کۆمپانیا بیانییەکانی ناو کێڵگەی نەوتیی بوزرگانی کردووەتە ئامانج. راشیگەیاندووە، چوار درۆنەکە لە یەک کاتدا بۆردوومانی ناوچەکەیان کردووە، بەڵام هێرشەکە تەنیا زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوون لە نێو کارمەندانی کۆمپانیاکاندا نەبووە.
کۆگەکانی کۆمپانیای نەوتی میسان، لەلایەن کۆمپانیای 'بیکەر هیوز'ی بەریتانی سەرپەرشتیی دەکرێن.
دەنگ و ئاگرێکی سامناکی هەیە؛ ببینە چۆن درۆن لەنێو کۆگەکانی کۆمپانیای نەوتی مەیسان دەکەوێتەخوارەوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 4, 2026
ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت، زیانی گیانی نەبووە pic.twitter.com/LG2A0h62ua
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە و هێزە ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
کێڵگەی بوزرگان یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی باشووری عێراق و چەندین کۆمپانیای بیانی تێیدا کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ