رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی هەردوو دانیشتنی داهاتووی خۆی بۆ رۆژانی دووشەممە و چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەنگ لەسەر لێژنەکان دەدرێت و خوێندنەوە بۆ هەموارێکی یاسایی دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، کاژێر 11:00ی بەیانی دانیشتنی ژمارە 15ی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. بڕگەی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی دەبێت لە تەواوکردنی دەنگدان لەسەر ئەندامانی لێژنە هەمیشەیییەکانی ناو پەرلەمان.
د.دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە رووداوی گوت :" دانیشتنی رۆژی دووشەممە، بۆ ئەوەیە هەندێک لیژنە هەمیشەییەکان ماون دەنگی لەسەر دەدرێت"
لە پەرلەمانی عێراقدا ژمارەیەک لیژنەی هەمیشەیی هەن کە تاوەکو ئێستا لەم خولەی پەرلەمانی عێراق 13 لیژنەن، تاوەکو ئێستا دیار نیە ژمارەی لیژنەکان دەبێتە چەند، ئەوەش بەهۆی چۆنێتی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقەوە
هەروەها رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، پەرلەمان دانیشتنی ژمارە 16ی خۆی دەکات. لە بەرنامەی کارەکەدا هاتووە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی شارستانی، ژمارە (148)ی ساڵی 1974 دەکرێت. ئەم پڕۆژەیاسایە لەلایەن لێژنەی گواستنەوە و گەیاندنەوە پێشکێش کراوە و لە 58 مادە پێکدێت.
ئەم کۆبوونەوانەی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رێکخستنی کارە یاساییەکان و پتەوکردنی چوارچێوەی یاسایی لە وڵاتدا، بە تایبەت لە دوای تەواوکردنی پێکهاتەی لێژنە پەرلەمانییەکان کە رۆڵێکی سەرەکییان لە بەدواداچوون و دارشتنی یاساکاندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ