لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراق؛ لایەنگرانی سەدر دژی ئەمریکا و ئیسرائیل رژانە سەر شەقام

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هەزاران لایەنگری ئەو رەوتە لە بەغدای پایتەخت و چەندین پارێزگای دیکەی عێراق رژانە سەر شەقامەکان و بە بەرزکردنەوەی درووشمی جیاواز، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران و عێراق بەتایبەتی کرد.
 
خۆپیشاندانەکان کاژێر 4:30ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، 3ـی نیسانی 2026، موقتەدا سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی گردبوونەوەکانی دیاری کردبوو.
 
کەرکووک؛ ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر شەقام کێشران
 
لە شاری کەرکووک، نزیکەی 700 لایەنگری سەدر بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد.
 
ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر شەقامەکە کێشران و هێڵێکی سووریان بەسەردا کێشرا و خۆپیشاندەران بەسەریدا رۆیشتن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دواتر بە فەرمانێکی بەپەلە وێنەی ئاڵاکان لەسەر شەقامەکە سڕانەوە، گوایە لە ترسی دروستبوونی پشێوی لابردراوە.
 
شێخ حەلیم فەتلاوی، نوێنەری موقتەدا سەدر لە عێراق، لە نێو خۆپیشاندانەکەی کەرکووک بە رووداوی گوت: "دەمانەوێت پەیامی عێراق دووپات بکەینەوە لە دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەم دەنگانە دەنگی هەق و ستەملێکراوانن بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێین گەلی عێراق رێگە نادات داگیرکار لەسەر خاکی وڵاتەکەی بێت."
 
فەتلاوی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامی ئەوان ئاشتییە و گوتی: "ئەم پەیامەی ئێمە دەگات و دووژمن لێی دەترسێت، نەک هەر دەیبیستن."
 
هەر لە کەرکووک، شێخ حازم ئیبراهیمی، نوێنەری سەدر لە پارێزگاکە رایگەیاند: "لەسەر داوای سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر و دژی هێرشی دووژمنانی زایۆنی و ئەمریکا لێرەین. ئێمە کەسی ئازیزمان لەدەستدا، بۆیە سەرکۆنەی هەموو هێرشەکان دەکەین و پەیاممان ئاشتییە."
 
بەغدا 
 
لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا، هەزاران کەس گردبوونەوە و درووشمی "نا نا ئەمریکا، نا نا ئیسرائیل"یان دەگوتەوە. شێخ سەباح ساعدی، بەرپرسی باڵای رەوتی نیشتمانیی شیعە بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە نامانەوێت بخزێینە نێو ئەو جەنگەوە، دەمانەوێت بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکرێت."
 
 
لایەنگرێکی سەدر لە بەغدا، ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ناوچەکە کرد و گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل هەرگیز نابنە دۆستی ئێمە، سەیری کوردەکانی سووریا بکەن چۆن خیانەت لە مەزڵووم عەبدی کرا. داواکاریمان ئەوەیە داگیرکەر بچێتە دەر و دەبێ هەموومان بە کورد، عەرەب، سوننە، شیعە، ئێزدی و مەسیحییەوە دژی ئەو دووژمنە هاوبەشە یەکبگرین."
 
نەینەوا
 
لە ناحیەی بەرتەلەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، خۆپیشاندەران رێگەیەکی سەرەکییان داخست و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی.
 
سەید محەممەد، رێکخەری خۆپیشاندانەکە لەوێ بە رووداوی گوت: "خەڵکی نەینەوا بۆ سەرکۆنەکردنی کارەکانی زایۆنی و ئەمریکا رژاونەتە سەر شەقام. رێبەرمان ئاشتی دەوێت و راگرتنی شەڕ داواکاری هەموو شەرەفمەندەکانە."
 
رێکخەرەکەی خۆپیشاندانی بەرتەلە جەختی لەوەش کردەوە کە "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق قبووڵکراو نین و هەموو مەرجەعە دینییەکان رەتی دەکەنەوە."
 
تەنیا ئاڵای عێراق رێگەپێدراو بوو
 
بەپێی پەیامنێرانی رووداو، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ، پابەندبوونی خۆپیشاندەران بوو بە رێنماییەکانی موقتەدا سەدر، کە تێیدا جەختی کردبووەوە نابێت جگە لە ئاڵای عێراق، هیچ ئاڵایەکی دیکەی حیزبی و لایەنەکان بەرز بکرێتەوە. پاش کاتژمێرێک لە ئاوابوونی خۆر، بە فەرمانی رێبەری رەوتەکە، خۆپیشاندەران بە هێمنی دەستیان بە کشانەوە کرد و کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێنا.
 
سەدر : "ئەوەی لەسەرتان بوو بە زیادەوە ئەنجامتان دا"
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و داوای لێکردن کۆتایی بە گردبوونەوەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
سەدر لە راگەیێندراوێکدا، سوپاسی لایەنگرانی کرد و رایگەیاند: "ئەی خۆپیشاندەران، سوپاس بۆ ئێوە بۆ ئەو هەڵوێستە شکۆمەندانەیەتان کە دڵی دۆستان خۆش دەکات و دوژمنان تووڕە دەکات."
 
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە دوا ساتەکانی خۆپیشاندانەکان گوتی: "لە هەموو پارێزگاکانەوە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە، ئەوەی لەسەرتان بوو بە زیادەوە ئەنجامتان دا.. سڵاو بۆ عێراق."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

پەیامێک لە تەیف سامییەوە

وەزیری دارایی عێراق بەبۆنەی جەژنی قیامەوە پیرۆزبایی لە کریستیانەکان دەکات و رایدەگەیێنێت، عێراق خاکی پێکەوەژیان و فرە ئایینییە