رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵیت، تەنیا 4٪ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە خراونەتە پلانی کشتوکاڵییەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەشی زۆری ئەو زەوییەی نەخراوەتە پلانەکەوە، زەویی جووتیارانی کوردە.
ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ تەنیا نزیکەی 283 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای نەینەوا خراوەتە پلانی کشتوکاڵییەوە. ساڵی رابردوو چوار ملیۆن دۆنم زەوی خرابووە پلانی کشتوکاڵییەوە."
بەپێی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، تەنیا "نزیکەی 4٪ـی زەویی پارێزگاکە" خراوەتە پلانی کشتوکاڵییەوە.
ئەحمەد دووبەردانی دەڵێت: "بەشێکی زۆری زەویی جووتیارانی کورد بە پاساوی جیاواز نەخراونەتە نێو پلانی کشتوکاڵیی ئەم ساڵەوە".
رۆژی 22ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت؛ زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیش بە هەمان شێوەی زەوییەکانی نێو پلانی کشتوکاڵی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە رووی ماف و شایستەکانەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات جووتیاران لە ژمارەیەک پارێزگای نێوەڕاست و باشووری عێراق خۆپێشانیان کرد و داوایان کرد گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ وەربگیرێت.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و میکانیزمی چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەکەن، بۆ ئەوەی "زۆرترین جووتیار سوومەند بن" و کێشە و گرفتە ئاستەنگەکان چارەسەر بکەن.
بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، جیاوازی دەکات لەنێوان ئەو گەنمەی بەپێی پلانی حکومەت چێندراوە و ئەوەی لە دەرەوەی پلان چێندراوە؛ هەروەها جیاوازی دەکات بەپێی شێوازی ئاودان:
یەکەم: گەنمێک لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیی حکومەتە (واتە حکومەت هانی داوە و پاڵپشتی دەکات):
- ئەگەر بە شێوازی ئاودانی نوێ (وەک ئاودانی دڵۆپاندن یان پرژاندن) بەرهەم بهێندرێت، حکومەت هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لێ دەکڕێت. (ئەمە بەرزترین نرخە، چونکە هانی شێوازی نوێی ئاودان دەدات کە ئاو کەمتر بەکاردەهێنێت).
- ئەگەر بە شێوازی ئاودانی کلاسیک بەرهەم بهێندرێت، حکومەت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار لێ دەکڕێت.
دووەم: گەنمێک کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیی حکومەت چێندراوە (واتە جووتیارەکە خۆی بڕیاری داوە بیچێنێ بەبێ ئەوەی لە پلانی وەزارەتدا بێت)"
- حکومەت ئەم گەنمەش لە جووتیاران وەردەگرێت، بەڵام بە نرخی بازاڕی جیهانی، نەوەک بەو نرخە بەرزەی کە پاڵپشتی دارایی حکومەتی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ