زیاتر لە 11 هەزار کەس لە بەغدا دادەمەزرێن

04-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 11 هەزار کەس لە بەغدا دادەمەزرێن و سبەی دووشەممەش دەرگای پێشکێشکردن دەکرێتەوە.
 
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "11 هەزار و 362 کەس دادەمەزرێن؛ بۆ هەریەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای بەغدا 250 دامەزراندن دەبێت". 
 
دامەزراندنەکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵەی عێراق ژمارە 13ـی تایبەت بە ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـە کە تێیدا 150 هەزار دامەزراندن بە گرێبەست تەرخانکراوە و بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە.
 
عەبدولموتەلیب عەلەوی، پارێزگاری بەغدا رۆژی 10ی ئاداری 2025 رایگەیاند، 37 هەزار دامەزراندن بە گرێبەست بۆ بەغدا تەرخانکراون و رەزامەندی دراوە 22 هەزاریان بۆ بەری رەسافە بێت؛ نزیکەی 1500 کەسی دیکەش کە زۆربەیان مامۆستان دامەزراون.
 
بەم 11 هەزار و 362 کەسەوە، زیاتر لە دوو هەزار پلەی دیکە دەمێنن.
 
عولا تەمیمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دامەزراندنەکە بە گرێبەستە بۆ سێ ساڵ بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار". 
 
لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پێکهێندراوە بۆ ئەوەی بەسەر قەزا و ناحییەکانی بەغدا دابەش بکرێن لەگەڵ رەچاوکردنی چڕی دانیشتووان و رادەی فەرامۆشکردنی ناوچەکە.
 
پێشکێشکردن 20 بۆ 30 رۆژ بەردەوام دەبێت، وەک کارئاسانی بۆ پێشکێشکردن 43 لینکی پێشکێشکردن دەکرێنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە