رووداو دیجیتاڵ
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هاوڕا بوون لەسەر پشتگیریکردنی عەلی زەیدی بۆ سەرخستنی کابینەکەی.
عەممار حەکیم نووسیویەتی، "لە کاتی پێشوازیکردنم لە برای ئازیزم، جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەخێرهاتنی جەنابیان و شاندی هاوڕێیانم کرد. جەختمان لە گرنگیی ئەم جۆرە سەردانە دوولایەنانە کردەوە کە دەبنەهۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، نەهێشتنی ناکۆکییەکان و گەورەکردنی خاڵە هاوبەشەکان بەرەو چارەسەری گشتگیر."
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق، عەممار حەکیم ئاماژەی بەوە کرد، "دووبارە پاڵپشتیی خۆمان بۆ بەڕێز عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت دووپاتکردەوە لە ئەرکی پێکهێنانی کابینە وەزارییەکەی؛ ئاماژەمان بەوە کرد کە پێویستە حکومەتی داهاتوو حکومەتی خزمەتگوزاری و چاکسازیی ئابووری بێت و گوزارشت لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بکات."
عەممار حەکیم تیشکی خستووەتە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و نووسیویەتی، "جەختمان کردەوە لەسەر گرنگیی کۆتاییهێنان بە ململانێی بەردەوام لە ناوچەکە و راگرتنی شەڕ بە شێوەیەکی یەکجاری و گەڕانەوەی سەقامگیری؛ هەروەها جەختمان لە پێویستیی کرانەوەی عێراق بە رووی ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا کردەوە، لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخەکە."
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق؛ عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆبووەوە. بڕیاریشە لەگەڵ هێزە سوننەکان کۆبێتەوە.
هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نووری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانین.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق دەکات و تێیاندا پرۆسهى سیاسی، پێكهێنانى حكومهتى نوێى عێراقى فيدراڵى، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ