عێراق
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنانە کردووەتەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان بەدیهاتوون.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 04-05-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى فيدراڵى کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی سیاسیی وڵات و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵى تاوتوێ کران.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکان کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە حکومەتی داهاتوو تەواوکەری هەوڵهكان بێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و برەودان بە لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان.
هەروەها هەردوولا باسیان لە کار و چالاکییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە ماوەی رابردوودا کردووە. نێچیرڤان بارزانی "دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی بەڕێز سوودانی کرد و جەخت لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر ئەو لێكگهيشتنانه کرایەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارهسهركردنى كێشهكان بەدیهاتوون."
تەوەرێکی دیکەی كۆبوونهوهكه، جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە سەروەریی وڵات و بەرژەوەندیی گشتی پارێزراو بێت.

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نێوڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "بارودۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ کرا و تیشک خرایە سەر ئەو هەوڵانەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەدرێن."
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبووەوە، بڕیاریشە دواتر لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کۆببێتەوە.
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە بەوە کراوە، "سهركردهكانى چوارچێوهى هاوئاهەنگی، وێڕاى دهربڕینی خۆشحاڵى به سهردانهكه، ستايشى ههڵوێست و سياسهتهكانى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و ديد و بۆچوونهكانيان كرد لهپێناو چارهسهركردنى كێشهكان و گرنگيى هاريكاريى هاوبهش."
خێرا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە ئەنجامی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چاوەڕێ دەکرێ. پێشبینیی هەندێک لە بەرپرسانی شیعە و سوننەی عێراق بۆ ئەو سەردانە ئەوەیە ئەو دوو پرسە بەرەو ئاراستەی یەکلاییکردنەوە ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ