گۆزەیەک لە ناسریە دۆزرایەوە کە تەمەنی زیاتر لە 5000 ساڵە

06-06-2023
رووداو @Rudawkurdish
شوێنەوارە مێژووییەکە
شوێنەوارە مێژووییەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی سەر بە پارێزگای زیقار، کچێکی 20 ساڵان لە نزیک ماڵەکەیدا گۆزەیەکی کۆنی دۆزییەوە کە تەمەنی لە 5000 ساڵ زیاتر بوو. دوای چەند رۆژێک گۆزەکەی رادەستی مۆزەخانەی ناسریە کرد. بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەش دەڵێت، لەم ماوەیەدا دەیان شوێنەواری مێژوویی لەلایەن هاووڵاتییانەوە رادەستیان کراوەتەوە.
 
سەجاد عەبدولحوسێن مەنجەل، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ناسریە دەڵێت، "ئەم پارچە سۆمەرییە تەمەنی زیاتر لە 5000 ساڵە و بۆ سەرەتاکانی سەردەمی سۆمەریی کۆن دەگەڕێتەوە پێش 3000 ساڵ، ئەو پارچە زۆر دەگمەنانە کە لە شوێنە شوێنەوارییەکان دەردەکەوێت و هۆکارەکەی ئەوە دەگەڕێتەوە سەردەمەکەیان زۆر کۆنن."
 
دابونەریتی کۆمەڵایەتی رێگر بووە لە دەرکەوتنی ئەم کچە و قسەکردنی بۆ میدیا و گێڕانەوەی چۆنێتی دۆزینەوەی گۆزەکە، تاوەکو رادەستکردنەوەی بە پسپۆڕانی مۆزەخانەکە. کارمەندانی مۆزەخانەکە باس لە هەڵوێستی جوامێرانەی هاووڵاتییان دەکەن بە رادەستکردنی دەستبەجێی هەر ئاسەوارێک کە دەیدۆزنەوە.
 
نوور زێدان خەلەف، کنەکار دەڵێت، "پێشتر کەس زانیاریی لەبارەی مۆزەخانە نەبووە، سەردانکاریشی نەبووە، کەچی ئێستا هاووڵاتییان و تەنانەت گەشتیارانی بیانیش سەردانی دەکەن. سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ شاری ناسریە و چوونی بۆ شاری ئور و زەقوڕە-ی مێژوویی، رێگەی خۆشکرد گەشتیارانی بیانی بە شێوەیەکی بەرچاو روو لەم ناوچەیە بکەن و هۆشیاریی زیاتریش لای خەڵکی ناوچەکە زیاد ببێت."
 
پارێزگای زیقار زیاتر لە 1200 شوێنەواری مێژوویی لەخۆدەگرێت کە بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەشکراون و سەتان ئاسەواری مێژوویی پارێزراو هەیە کە لە شەستەکانی سەتەی رابردوودا بە پارێزراوی ماونەتەوە.
 
بایەخی خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی کەلەپوور و شوێنەواری مێژوویی، لە ئەنجامی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی بەردەوامی بەرپرسان و کارمەندانی مۆزەخانەکەوە بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە