رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریداوە سزای سەر هێڵی ئاسمانیی عێراقییە تاوەکو مانگی 11ی ئەم ساڵ درێژبکاتەوە. راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری گواستنەوە دەڵێت، ئەگەر زوو رێکارەکان تەواونەکەن، سزاکان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو درێژتر دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکانی تەواوکاری بۆ بەجێهێنانی مەرجەکانی سەلامەتی و رێنمایی و پێوەرە جیهانییە کارپێیکراوەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی، یەکێتیی ئەورووپا هەڵگرتنی سزاکانی سەر هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی دواخست."
ناسر ئەسەدی دەڵێت، "ماوەی سزاکان تاوەکو مانگی 11ی ئەم ساڵ درێژکراوەتەوە، ئەگەر پێش ئەو کاتە نەتوانین رێکارەکان تەواو بکەین، جارێکی دیکە بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو درێژ دەکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆئەوەی لە ئەمساڵدا سەرجەم مەرج و رێکارەکان بەدیبهێنین."
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سوودانی، "ئێمە ناتوانین راستەوخۆ لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە بەرەو ئەورووپا گەشت بکەین و ئەوەش کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر عێراق، بۆیە چارەسەرکردنی ئەو پرسە گرنگ و پێویستە."
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت، "پێشتر چەند جارێک بە نووسراوی فەرمی و بە واژۆی دەیان پەرلەمانتار سەرۆکوەزیرانمان لەوە ئاگادار کردبووەوە، خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی و گرێبەستی جۆراوجۆر کە بەهاکەیان سەدان ملیۆن دۆلار بووە واژۆ کراون بە بیانووی لابردنی سزای ئەورووپی."
کاروان یاروەیس دەشڵێت، "درێژکردنەوەی سزاکان لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە کاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت، لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو هێڵی ئاسمانیی عێراقییە یەکێک بووە لە هێڵە باشەکان لە جیهاندا."
مانگی 12ـی 2015، یهكێتیی ئهورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی خستە لیستی رهشی فڕۆكهوانیی جیهانییەوە، ئەوەش بههۆی پابهندنهبوونی به مهرجهكانی سهلامهتیی فڕۆكهوانییەوە.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە؛ هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ