رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەڵێت، حەمدییە جاف، بەڕێوەبەرى پێشووترى بانکى بازرگانیی عێراق ( تى بی ئاى) لە ئیماراتەوە رادەستکراوەتەوە کە تۆمەتبارە بە گەندەڵى.
ئەو دەستەیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بە رادەستکردنەوەى بەڕێوەبەرى پێشوترى (تى بى ئاى) داوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، چواری ئایارى 2025 بڵاوی کردووەتەوە.
دەستەکە ئاماژەى بەوە داوە حەمدییە جاف "تۆمەتبارى هەڵاتوو" بووە و لە هێڵى سوورى داواکراوانى ئینتەپووڵ بووە و لە ئیمارات دەستگیرکراوە.
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەڵێت: "تۆمەتبارەکە بەپێی بڕگەی مادەکانی (340 و 341)ـی یاسای سزادانی عێراقى داواکراو بووە. تۆمەتبارەکە (17) سزای بێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگە بۆ دەرچووە کە پێکەوە سزای پێنج بۆ حەوت ساڵ بەندکردن دەکات، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە پێدانی ئاسانکاریی بانکی پێچەوانەی رێنماییەکان و رەزامەندی دەربڕین لەسەر لێخۆشبوونی نایاسایی لە سوودی قەرزەکان هەیە. ئەوەش زیانی بە سامانی گشتی گەیاندووە کە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیارێک و دوو سەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دۆلار."
دەستەکە دەڵێت: "داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئیمارات کردووە دەستبەسەر ماڵ و موڵکی گوێزراوە و نەگوێزراوەی تۆمەتبارەکە لە خاکی ئیمارات بگیرێت".
پێشتر لە ئادارى 2024 دەستەى دەستپاکى عێراق رایگەیاند، دۆسیەى گەڕاندنەوەى حەمدیە جافى ئامادە کردووە کە 17 دۆسیە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ