رووداو دیجیتاڵ
هەزاران ماسى لە کەنارى ئاوى رووبارێکى قەزاى مەجەرى پارێزگاى میسان لەنێوچوون، دیمەنەکە دەرهاوێشتەیەکى دیکەى وشکەساڵییە لە عێراق، کە چوار ساڵە بەرۆکى گرتووە.
خەلیل موحسین، راوچیی ماسییە و دەڵێت، "لە هۆڕەکان خەڵک لەسەر ماسی دەژین، ئێستا بەهۆى وشکەساڵییەوە هۆڕەکان تەنیا پشت بە باران دەبەستن، ئەم ماسییانە تەمەنیان شەش مانگە، ئێستا دەبینین بەهۆى کەمئاوییەوە لەنێوچوون."
تەمەن و قەبارەى ماسییەکان نەگەیشتە ئەوەى بۆ خواردن سوودى لێ ببینرێت. کەمبوونەوەى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات بۆ نیوەى بڕى پێشووى، وایکردووە رێژەى خوێى رووبارۆچکەکانى زیاد بێت کە هۆکارێکى مرداربوونەوەى ماسییەکانە.
خدر عەباس، بەڕێوەبەرى هۆبەى هۆڕەکان لە بەڕێوەبەرایەتیى ژینگەى میسان گوتی، "لە رێگەى ئەو پێوەرکارییانەى کردمان لە رووبارەکە، دەرکەوت کە رێژەى ئۆکسجینی سفرە، ئەوە جگە لە بەرزبوونەوەى رێژەى سوێرىی ئاوەکەى کە گەیشتووەتە ئەو ئاستەى تەنانەت ناتواندرێت بۆ کشتوکاڵیش بەکاربهێندرێت و ئەگەر جووتیار بەکارى بهێنێت گڵى زەوییەکانیش بێ پیت دەکات".
بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لە عێراق: نزیکەى دوو ملیۆن کەس بژێویى ژیانیان لەسەر بەخێوکردنى ماسییە.
بەر لە وشکەساڵى، ساڵانە تەنیا لە حەوزە دەستکردەکاندا زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن ماسی بەرهەم دەهێندرا، بەڵام ئێستا بۆ 400 هەزار تۆن کەم بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ