رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رەتيدەکاتەوە سازشیان لەسەر 16 کیلۆمەتر خاک کردبێت بۆ راکێشانى هێڵى ئاسنین و دەڵێت، "بەگوێرەى رێککەوتنەکەمان، ئێران 16 کیلۆمەتر خاکى عێراق لە مین پاک دەکاتەوە. وەزارەتى گواستنەوەش 500 مەتر خاکی لە ئێران وەرگرتووەتەوە".
رۆژی 4ـى ئابی 2023، وەزارەتى گواستنەوە عێراقى لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە لە چوارچێوەى پڕۆژەى راکێشانى هێڵى ئاسنینى شەلامچە –بەسرە دەستبەردارى زەویى عێراق بووبێت بۆ بەرژەوەندیى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و دەڵێت، "ئەوەى لەوبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە هەرای راگەیاندنە."
بەگوێرەى بەڵگەنامەیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە 5ـى نیسانى 2023، رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق لەگەڵ میهرداد بزرباش، وەزیرى گواستنەوە و شارسازیى کۆمارى ئیسلامیی ئێران کۆنووسی رێککەوتنێکیان واژو کردووە بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى راکێشانى هێڵى ئاسنینى شەلامچە – بەسرە و تێیدا هاتووە کە عێراق تاوەکو 25ـى نیسان بە درێژایی 16 کیلۆمەتر زەوى رادەستى لایەنى ئێران دەکات، بەمەبەستى پاککردنەوەى لە مین.
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە، رێککەوتنەکە بە جۆرێکە دروستکردنى هێڵى ئاسنین و وێستگەکانى ئەو پڕۆژەیە بکەوێتە ئەستۆى عێراق، هاوکات ئێران پردێکى کەشتیوانى لەسەر شەتولعەرەب دروست بکات و بەدرێژایی 16 کیلۆمەتر خاکى عێراق لە مین پاک بکاتەوە و هیچ ئاماژەیەکى تێدا نییە بۆ ئەوەى کە سازشکرابێت لەسەر زەویی عێراق بۆ ئێران یان پێى دابێت.
ئەو وەزارەتە دەشڵێت، "سەرجەم زەویی ئەو پڕۆژەیە لە دەستپێکییەوە لە سنوورى ئێرانەوە، خاکى عێراقە و وەزارەتى گواستنەوە 500 مەتر زەوى گەڕاندووەتەوە، کە بەدەست لایەنى ئێرانییەوە بوو".
پڕۆژەى هێڵى ئاسنى شەلامچە - بەسرە درێژییەکەی 32 کیلۆمەترە و دەکەوێتە سنوورى نێوان هەردوو وڵات لە پارێزگاى بەسرە و بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ