عێراق
کۆبوونەوەی لیژنەی مادەی 140 لە پەرلەمانی عێراق و بەشێکی بەرپرسانی ناوچە دابڕاوەکان بە سەرپەرشتیی شاخەوان عەبدوڵڵا
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی مادەی 140 لە پەرلەمانی عێراق و بەشێکی بەرپرسانی ناوچە دابڕاوەکان لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
دوێنێ لیژنەی مادەی 140ی دەستووری عێراق بە سەرپەرشتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا قایمقامی قەزای شێخان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی باری شارستانی، پاسپۆرت و نیشتەجێبوونی عێراق، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، فەرماندەی فیرقەی 11ی سوپای عێراق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک و نوێنەرانی جووتیارانی گوندی تۆپزاوە بەشداربوون.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی مادەی 140ی دەستووری عێراق لە پەرلەمان ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، کۆبوونەوەکە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو لەوانە، بابەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی مادەی 140 و گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان، بەتایبەتی ئەوانەی قەرەبوویان وەرگرتووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی مادەی 140ی دەستووری عێراق لە پەرلەمان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا داواکرا "وەکو چۆن قەرەبووکردنەوەکە دانیشتوانی ناوچەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە، دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، چونکە ئەوانیش زیانمەندبوون لە دەست رژێمی پێشوو. ئەو پێشنیازەش بۆ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ی حکومەتی عێراق بەرز دەکرێتەوە کە هادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک و دۆخی جووتیارانی گوندی تۆپزاوە کراوە. موسەننا ئەمین دەڵێت، "بەرچاو روونییان پێداین کە فراوانکردنی سەربازگە لە سنووری گوندی تۆپزاوە نایاساییە، چونکە ناوچەکە لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقە. نابێ هیچ کارێک بکرێ بۆ هەراسانکردنی دانیشتوانی گوندەکە تاوەکو مادەکە جێبەجێ دەکرێت."
لە کۆبوونەکەوەکەدا داوا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی کەرکووک و فەرماندەی فرقەی 11 و بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی کەرکووک کرا رێگری لە جووتیارانی کورد نەکەن لە راپەڕاندنی کارەکانیان.
بە گوتەی موسەننا ئەمین، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گوتویەتی، ئەوان بڕیاری سەرووی خۆیان جێبەجێ دەکەن و پێویستە وەک لیژنەکە و پەرلەمان قسە لەگەڵ سەرووی خۆیان لە وەزارەتی بەرگری بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا ژمارەیەک عەرەبی باشووری پارێزگای نەینەوا برانە سنووری شێخان و زەوییان پێدرا و لەوێ نیشتەجێکران. دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە گەڕانەوە شوێنی خۆیان، بەڵام ناسنامە و کارتی نیشتمانیان هەر لەسەر شێخان ماوە.
موسەننا ئەمین گوتی، داوایان لە بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشتەجێبوونی عێراق کردووە کارتیی نیشتمانی و دۆسیەکانی ئەوانە بەتەواوی بگوازرێتەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی، ئەوە بابەتێکی سیاسییە و لەدەسەڵاتی ئەودا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ