رووداو دیجیتاڵ
گروپێکی نێو حەشدی شەعبی، ھۆشداری لەبارەی دەستکاریکردنی کارتی دەنگدان دەدات و داوای لە چەکدارانی حەشدی شەعبی و ھاووڵاتییان دەکات، بە تووندی رووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە ببنەوە.
فرقەی عەبباس قیتالی، کە سەر بە مەزارگەی عەبباسییە، روونکردنەوەیەکی لەبارەی سکاڵاکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە ھەبوونی "دەستکاریکردنی گوماناوی" لە کارتی دەنگدان دەکرێت.
فرقەکە، کە لیوای 26ـە لەنێو حەشدی شەعبی دەڵێت: "ئەم دەستکاریکردنانە گەندەڵییەکی ئاشکرا و قەدەخەکراوی شەرعییە."
فرقەی عەبباس قیتالی، سەر بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانە، ئاماژە بە فەتوای مەرجەعیەتی باڵای ئایینیی شیعەکان دەکات، کە (2014) دەرچووە و بە روونی باس لە قەدەخەکردنی فرۆشتنی کارتی دەنگدان، یان ناچارکردنی ھەر ھاووڵاتییەک بۆ دەستبەرداربوون لێی دەکات.
فرقەکە داوای لە چەکدارانی حەشدی شەعبی و سەرجەم ھاووڵاتییان دەکات کە بە تووندی رووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە ببنەوە و "ھەموو جۆرە گوشارێکی گەندەڵکاران رەتبکەنەوە، بێ گوێدانە پلە و پۆستەکانیان."
فرقەی عەبباس قیتالی، 7310 چەکداری بە کردەوە هەیە، لەگەڵ 35 بۆ 40 هەزار چەکداری یەدەگ.
بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ