رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەرێمی کوردستان و تیمی حکومەتی عێراق چوار کاژێر گفتوگۆی چڕیان کرد لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، هەردوو لایان سوور بوونە لەسەر داواکارییەکانیان و نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. بڕیار دراوە درێژە بە گفتوگۆکان بدرێت.
رووداو زانیویەتی لایەنی عێراقی پێداگرییان کردووە لەسەر رادەستکردنی سەرجەم داهاتی ناوخۆ، پاشان پێدانی 50٪ـی بە هەرێمی کوردستان، بەڵام شاندەکەی کوردستان ئەمەیان رەتکردووەتەوە.
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کە بەشداریی سەرجەم کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات، گەشبینە بەوەی دەگەنە رێککەوتن.
خەڵەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "ئەوەی کە من دەیبینم لەنێو کۆبوونەوەکان و تیمەکان کە بەردەوامن لەسەری ئەنجام بەرەو باشی دەڕوات. هەندێک کێشە هەبوو گفتوگۆیان لەبارەوە کراون. نەخشە رێگەیان بۆ داناون، تیمەکانیش بەردەوامن بە دڵنیاییەوە کێشەکان نوێ نین و ماوەیەکی درێژە هەن، بەڵام ئەوەی کە من دەیبینم کێشەکان چارەسەر دەکرێن لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان، مووچەیان بەردەوام دەبێت."
لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە، رووداو زانیویەتی ئەو رێککەوتنەی کۆمپانیاکانی نەوت لە عێراق دەیانەوێت بۆ پێدانی 16 دۆلارەکە تەنیا بۆ 90 رۆژە، تاوەکو کاری کۆمپانیا راوێژکارییەکە تەواو دەبێت. لەو ماوەیەدا ئەگەر پارەکە نەدرا، کۆمپانیاکان نازانن لە دادگە سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەن، بۆیە بەدوای رێککەوتنێکی نووسراوەوەن. بەڵام لایەنی عێراقی تاوەکو ئەم ساتە بەمە رازی نییە."
عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتار دەڵێت: "وەکو ئۆپۆزیسیۆن بڕوامان بەو رێککەوتنانە نییە کە دەکرێن، پێویست بوو هەر جۆرە گرێبەستێک بە ئاگاداریی حکومەتی فیدراڵی بووایە. دەبوو هاوئاهەنگی و کاری پێکەوەیی بکرایە، بەڵام کارکردن بەم شێوەیەی ئێستا چارەسەر نییە، بەڵکو وادەکات درێژە بە بەردەوامیی کێشەکان بدرێت، درێژە بەردەوامیی ئەو دوودڵییە بدرێت."
شاندی کوردستان لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و ئەگەر تاوەکو رۆژی سێشەممەی داهاتوو نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەوت و داهاتی ناوخۆ، بڕیاردان لە خەرجکردنی مووچە ئەستەم دەبێت.
ئەم گفتوگۆ و دانوستاندنانەی هەن بە لای محەممەد شیاع سوودانییە دوا دەرفەتە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسییەکانی نەت و داهاتی ناوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بە پێچەوانەوە بەس خوا دەزانێت ئەو رێگەیە چییە و چۆنە تاوەکو بتوانرێت بەغدای پێ رازی بکرێت بە ناردنی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ