رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگای گۆڕینی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانى بە رووی لیستە بەشداربووەکان داخست، بەو بەربژێرانەشەوە کە دوور خراونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی ئەیلوولی 2025، حەسەن هادی زاهیر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " کۆتایی دەوامی فەرمی ئەمڕۆى کۆمیسیۆن، دوا وادەی گۆڕینی بەربژێران بوو لەلایەن لیستەکانەوە و ئیتر ناتوانن بەربژێرەکان بگۆڕن."
بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیستەکان دەتوانن ناوی بەربژێرەکانیان بگۆڕن. ئەگەر بەربژێرێکیش دوور خرایەوە بە هەر هۆکارێک بێت، دەتوانێت بە هەمان شێوەی بیگۆڕێت بە بەربژێرێکی دیکە.
حەسەن هادی زاهیر رایگەیاند، راگرتنی گۆڕینی بەربژێران جێگرەوەی ئەوانەش دەگرێتەوە کە دوور خراونەتەوە.
نزیکەی 8000 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردبوو، ئێستا کاری کۆمیسیۆن لە قۆناخی وەرگرتنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەی بەربژێرەکان کە ئاراستەی 13 وەزارەت و لایەنی پەیوەندیداری عێراق و هەرێمی کوردستان کراون.
ئەو ئەندامەی تیمی ڕۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: زیاتر لە 700 بەربژێر دوور خراونەتەوە.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ