سوودانی: بۆچوونی ئێران و ئەمریکا لێک نزیکدەکەینەوە

04-10-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، حکومەتەکەی رێگەی بە هیچ لایەنێک نەداوە هەنگاوێک بنێت کە زیان بە بەرژەوەندیی عێراق بگەیێنێت و پاساو بۆ هێرشکردنە سەر عێراق دروست بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆچوونی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لێک نزیک دەکەنەوە و پشتیوانی لە گفتوگۆ دەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری رایگەیاند، "کارمان لەسەر چاکسازی لە دەستە چاودێرییەکان کردووە، لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە کە لە دزیی سەدە تێوەگلاون و توانیمان (500) ملیار دینار بگەڕێنینەوە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن و تێوەگلاون بە گەندەڵی، ئەوەش "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی."
 
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانییەکی سیاسی، ئەمنی و ئابووری لەنێوان وڵاتانی ئیسلامی رابگەیێندرێت کە پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان لەخۆبگرێت." دەشڵێت، "پێویستە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بجووڵێن و هاوئاهەنگی و هاوکاری بکەن."
 
سوودانی باسی لەوە کردووە، "بڕیاری ئاشتی و جەنگ لەدەست دەوڵەتە. حکومەتەکەشمان رێگەی بە هیچ لایەنێک نەداوە هەنگاوێک بنێت کە زیان بە بەرژەوەندیی وڵات بگەیێنێت و پاساو بۆ دەستدرێژیکردنە سەرمان دروست بکات." هەروەها گوتوویەتی، "گفتوگۆیەکی نیشتمانیمان لەنێوان هەموو هێزە سیاسییەکان ئەنجامدا کە بنەماکەی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق و تێنەگلاندنی بوو لە جەنگدا."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، بۆچوونی ئێران و ئەمریکا لێک نزیک دەکەنەوە و پشتیوانی لە گفتوگۆ دەکەن، "ئەوەش بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆم." دەشڵێت، "عێراق پاڵنەرە بە ئاراستەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی پرسی دانوستاندن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی."
 
لەبارەی چەکی بێ مۆڵەت، سوودانی گوتی، "حکومەت لە کارنامەکەیدا کۆکردنەوەی چەکی لە دەست دەوڵەت کردووەتە بنەما، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش پاساو بۆ بەردەوامبوون لە هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ناهێڵێتەوە. حکومەتەکەمان دەستی بە هەنگاوی کرداری کردووە بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری، تیرۆریستانی داعشیش هەڕەشە دروست ناکەن."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئاڵوگۆڕی نامە و شاندمان لەگەڵ سووریا هەبووە، جەختمان لە پاراستنی فرەچەشنیی کۆمەڵایەتی، یەکپارچەیی وڵات و رەتکردنەوەی تووندڕۆیی و تیرۆر کردووەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە