رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تیمەکانیان ژمارەیەک سەرپێچییان لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا تۆمارکردووە و سبەی ئامارەکەی بڵاودەکەنەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 04-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاتر لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە، چونکە خەرجییەکە کەمە و بڵاوبوونەوەی خێرایە.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، تیمەکانیان لە پارێزگاکان هەن و سەرقاڵی تۆمارکردنی سەرپێچیی بانگەشەی هەڵبژاردنن و رایگەیاند، ئەوەی تێبینییان کردووە ئەوەیە کە سەرپێچی و پێشلکاری کراوە و تۆماریش کراون، لەوانە دڕاندنی وێنە و پۆستەری بانگەشەی بەربژێرەکان.
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەکرد، لەبەر ئەوەی دوێنێ هەینی و ئەمڕۆ شەممە پشوو بوون، ئاماری سەرپێچییەکانی دوو رۆژی رابردوویان کۆنەکردووەتەوە، بەڵام بڕیارە سبەی یەکشەممە کۆمیسیۆن هەموویان کۆبکاتەوە و بڵاویان بکاتەوە.
کاژێر 12:01 بەرەبەیانی رۆژی 01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد کە 45 رۆژ دەخایێنێت. بڕیارە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، نابێت پۆستەری بانگەشەی بەربژێرەکان بە دیوارى پەرستگاکان هەڵبواسرێت، بە هەمانشێوە هەڵواسینی پۆستەر لەسەر دیواری شوێنەوار، قوتابخانە، پرد و شۆستەى نێوان شەقامەکان قەدەخەیە.
رۆژی 3ى تشرینى دووەمى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەپێچیکارانى ئەو رێنماییە بەگوێرەى رێوشوێنەکانى شارەوانى لە پارێزگاکانى عێراق سزاى پێبژاردن دەدرێن."
بەشێک لە رێنماییەکانى دیکە رێگە نادەن هیچ پۆستەرێک بە مادەیەک بلکێندرێت بە دیوارەکانەوە کە لێنەکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى هەڵواسینى پۆستەر بە تابلۆکانى هاتووچۆوە قەدەخەیە.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، کۆمیسیۆن رێنمایی دیکەى هەیە بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی بانگەشەى هەڵبژاردن کە قورسترین سزاى دەگاتە 50 ملیۆن دینار پێ بژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ