سوودانی: تاوەکو تەممووزی داهاتوو پارەدانی کاش نامێنێت

04-11-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا ژمارەیەک هەنگاو بگیرێنەبەر بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی سیستم و خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی. سوودانی دەیەوێت تاوەکو تەممووزی ساڵی داهاتوو پارەدانی کاش لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان نەمێنێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی دارایی و ئابووری، کە کارێکی لەپێشینەی حکومەتە، ئەمڕۆ دووشەممە 04-11-2024 سەرۆکوەزیران داوای کرد هاوشێوەی کارمەندانی کەرتی حکومی، کار لەسەر بەجێکردنی مووچەی کارمەندانی کەرتی تایبەت بکرێت.
 
بۆ ئەو مەبەستە سوودانی هەریەک لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی راسپارد بە بەشداریی ژمارەیەک دامەزراوەی کەرتی تایبەت، "میکانیزمێکی دادپەروەرانە" ئامادە بکەن.
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کرد وەزارەت و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان لە وەرگرتنی باج و مامەڵەکانی دیکە دەستبەرداری پارەدانی کاش بن و پارەدانی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن، ئەوەش لە رێگەی پلانێکی تەواو کە هەر وەزارەت، یاخود دامەزراوەیەکی حکومی پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2024 پێشکێشی بکات، تاوەکو بە کردەوە پێش یەکی تەممووزی 2025 بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە