سوودانی: کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە چڕی دێنە عێراق؛ تاوەکو 2027یش هاوردەکردنی گاز لە ئێران رادەگرین

04-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، راکێشانی وەبەرهێنانی گەورەی ئەمریکی لەپێشینەی کارەکانی حکومەتەکەیەتی و ئاشکرای کرد کە "کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی روون و چڕ" دێنە نێو عێراقەوە. 
 
سودانی پلانی وڵاتەکەشی بۆ راگرتنی سووتاندنی گازی هاوەڵ و گەیشتن بە خۆبژێوی تاوەکو ساڵی 2027 خستەڕوو، کە دەبێتە هۆی راگرتنی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە. هاوکات، رایگەیاند، تاوەکو هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراقدا مابن، چەککردنی گرووپە چەکدارەکان سەرکەوتوو نابێت. 
 
پلانی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەمریکی
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، کە رۆژی دووشەممە تۆمارکراوە و سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، سوودانی رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتەکەی، مسۆگەرکردنی وەبەرهێنانی گەورەی ئەمریکییە. سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیا ئەمریکییە جۆراوجۆرەکان بە چڕی بۆ وەبەرهێنان دێنە عێراق.
 
هەروەها ئاماژەی بە گەورەترین رێککەوتنی مێژوویی لەگەڵ کۆمپانیای GE کرد بۆ دابینکردنی 24 هەزار مێگاوات کارەبا، کە یەکسانە بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانی ئێستای وڵاتەکە.
 
هەروەها ئاماژەی بە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکی شێڤرۆن کرد بۆ پڕۆژەیەک لە ناسریە لە باشووری عێراق.
 
سوودانی ستایشی رێککەوتنێکی دیکەی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کرد و گوتی، گرنگیی ئەم رێککەوتنە لەوەدایە کە بۆ یەکەمجارە عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانیدا رێکدەکەوێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان شانبەشانی دروستکردنی سیستەمێکی هەناردەکردن.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشیکرد، حکومەتەکەی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027ی وەک وادەی کۆتایی دیاریکردووە بۆ راگرتنی تەواوەتیی سووتاندنی گازی هاوەڵ و گەیشتن بە خۆبژێوی لە دابینکردنی گازدا، بەمەش هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە رادەگیرێت.
 
سوودانی گوتی، "ئێمە ساڵانە بە بەهای چوار بۆ پێنج ملیار دۆلار گازی هاوەڵ دەسووتێنین و بە بەهای چوار ملیار دۆلاریش گاز هاوردە دەکەین. ئەمانە سیاسەتی هەڵەن و حکومەتەکەی ئێمە خەریکی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەم کێشانە."
 
چەککردنی گرووپەکان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
 
سودانی جەختی کردەوە، هەرچەندە عێراق بەڵێنی داوە هەموو چەکێک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، بەڵام ئەو کارە سەرکەوتوو نابێت تاوەکو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا بێت، چونکە هەندێک لایەنی عێراقی وەک هێزی داگیرکەر سەیری دەکەن.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پلانەکە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هاوپەیمانیی دژی داعش تاوەکو ئەیلوولی 2026 هێشتا لە کاردایە، چونکە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، سودانی گوتی: "بە پشتیوانی خوا کاتی پێویست هەیە. دۆخی ئێرە جیاوازە لە لوبنان. عێراق لە هەڵوێستەکانیدا روونە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دامەزراوەکانی دەوڵەت بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدەن، هیچ لایەنێکیش ناتوانێت عێراق رابکێشێتە نێو شەڕ و ململانێوە."
 
"سەرۆکی ئاوەدانکردنەوە" و هەڵبژاردن
 
سوودانی، کە لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمدا رکاربەرایەتیی پارتە سیاسییە باڵادەستەکانی نێو هاوپەیمانییەکەی دەکات، رایگەیاند کە چاوەڕێی سەرکەوتن دەکات.
 
ئەو خۆی وەک "سەرۆکی ئاوەدانکردنەوە" نیشان داوە؛ پۆستەرەکانی بانگەشەی لە شوێنە سەرەکییەکانی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە بەغدا دانراون.
 
ئەو ژمارەی ئەو پڕۆژە ناتەواوانەی کە لە حکومەتەکانی پێشووەوە بۆی بەجێماون بە 2 هەزار و 582 پڕۆژە ناوبرد و رایگەیاند، بەشێکی کەمی تێچووە سەرەتاییەکانیانی خەرج کردووە بۆ تەواوکردنیان.
 
سەرەڕای پێشوازیی هاووڵاتییان لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، بەڵام تێچوویەکی زۆری هەبووە. بودجەی سێ ساڵەی سوودانی گەورەترین بوو لە مێژووی عێراقدا، کە ساڵانە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار بوو. هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری لە کەرتی گشتیدا دامەزراند، کە بووە هۆی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، بەڵام توانای دارایی حکومەتی بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار کرد.
 
سوودانی گوتی، "من نیگەرانی دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق نیم. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام ترسی من لەوەیە، کە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان دوابکەوێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.

شیعە چاوەڕێی سوننەیە؛ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەدرێتە عەسائیب؟

چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن سوننەکانەوە دەکات، بۆ ئەوەی پشکی خۆی کە جێگری یەکەمە دیاری بکات؛ ئاماژەکان بۆ ئەوەن پۆستەکە بۆ "عەسائیبی ئەهلی حەق" دەبێت.