رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان. سکاڵاکان دژى ناردنى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مووچە لەلایەن بەغداوە و کڕینى گازى کێڵگەى کۆرمۆر لەلایەن حکومەتى عێراقەوە تۆمار کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ى کانوونى یەکەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆماری کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق تایبەت بە ناردنى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیران کە لە 17ى ئەیلوولى 2023 دەریکرد، بۆ ماوەى سێ مانگی لەدواى یەک، مانگانە بڕى 700 ملیار دینار بە قەرز دەنێردرێت بۆ هەرێمى کوردستان لە رێگەى هەر سێ بانکى رافیدەین، رەشید و تى بی ئاى، بۆ مووچەى فەرمانبەران و دواتر ئەو قەرزە لە پشکەکەى هەرێمی کوردستان لە بودجە بۆ ساڵى 2024 پاکتاو دەکرێت. تاوەکو ئێستا بەغدا بڕى یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى لەو پارەیە ناردووە.
هەر ئەمڕۆ دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى دیکە دەکات کە عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق دژى سەرۆکوەزیران، وەزیرانى نەوت و دارایی حکومەتى فیدراڵیی عێراق تۆماری کردووە و تێیدا داوا دەکات، بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق بە نادەستوورى بناسێندرێت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کۆمپانیاى پێرڵ کە لە کێڵگەى کۆرمۆر لە هەرێمى کوردستان کار دەکات.
13ی تەممووزى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى نێوخۆیی ئەو وێستگانە کە گاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ