حیزبى دەعوە: لە نەجەف هێرشکرایە سەر بارەگایەکمان

04-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حیزبى دەعوەى ئیسلامى کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکیان لە شارى نەجەف، کە ئەوە سێیەم هێرشە لە دوو رۆژدا بکرێتە سەر بارەگاکانیان. ئەو حیزبە داوا لەسەرۆکوەزیران دەکات سزاى ئەو کەسانە بدەن کە دەستدرێژی دەکەنە سەر بانگەشەى هەڵبژاردن.
 
4ى  کانوونى یەکەمى 2023، حیزبى دەعوەى ئیسلامى لەراگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە بۆمبى دانراو، هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانیان لە شارى نەجەف و دەڵێت: "هێرشەکە لە ناوەڕاستى شارى نەجەف و نزیک باڵەخانەى پارێزگا، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانى دیکە روویداوە."
 
حیزبى دەعوەى ئیسلامى نوورى مالیکى ئەمیندارى گشتییەتى کە هاوکات سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاساشە. 
 
حیزبى دەعوە داواى لە سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى ناوخۆ و بەرپرسانى ئەمنیی پارێزگاکانى عێراق کردووە، سزاى ئەو کەسانە بدەن کە "دەستدرێژى" دەکەنە سەر بانگەشەى هەڵبژاردن و ھێزە بەشداربووەکانى.
 
ئەوە سێیەم هێرشە لەماوەى دوو رۆژدا بکرێتە سەر بارەگاکانى حیزبى دەعوە، دواى ئەوەى 3ى کانوونى یەکەم لە پارێزگاى بەسرە دوو هێرش کرایە سەر بارەگاى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا و حیزبى دەعوە.
 
ئەو گرژییە لەکاتێکدایە بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکردووە، بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەم ئەو هەڵبژاردنە لە 15 پارێزگاى عێراق بکرێت.
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە