حکومەتی عێراق: ناوی حیزبوڵڵا و حووسییەکان بە هەڵە لە لیستی تیرۆر دانراوە و دەردەهێنرێت

04-12-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان لە بانکی ناوەندی، بە نووسراوێکی "نهێنی و زۆر بەپەلە" داوای لە ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ناوی (حزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن) لەو لیستە دەربهێنن کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بەو پێیەی بە "هەڵە" دانراون.
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، هەریەک لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی وەکو گرووپی تیرۆریستی ناساندبوو. 
 
عەممار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگار بە وەکالەت و سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان نووسراوە "نهێنی و زۆر بەپەلە"کەی بۆ ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران/ بەشی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان ناردووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، "پاڵپشت بە بڕیاری لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان ژمارە 61ـی ساڵی 2025 بڕگەی (یەکەم/ ب) کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی ژمارە (4848)ـی ساڵی 2025 بڵاوکراوەتەوە، تکایە هەردوو بڕگەی (18 و 19) کە لە لیستەکەدا هاتوون، لاببرێن، بەهۆی ئەوەی لیژنەکە رەزامەندی لەسەر سڕکردنی پارەی ئەو قەوارانە نەداوە و وادیارە بە هەڵە لەناو سەرەتاییەکاندا بڵاوکراوەتەوە."
 
لە بڕگەی 18 و 19دا ناوی حیزبوڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن لە لیستەدا هاتووە. 
 
جێگری پارێزگار بە وەکالەت و سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان دەڵێت، "داواکارین بەیاننامەیەکی روونکردنەوەی زۆر بەپەلە سەبارەت بەم بابەتە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبکرێتەوە لەبەر گرنگییەکەی، تاوەکو ئەو کاتەی بڕیارەکە هەموار دەکرێتەوە و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە".
 
لیژنەی سڕکردنەکە بە جیا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەو لیستە ئاماژەی بە ژمارەیەک حیزب و قەوارە کردبوو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئەو دوو رێکخراوەوە نییە. رەزامەندیی لایەنی عێراقی تەنیا لەسەر خستنە لیستی ئەو قەوارە و تاکەکەسانە بووە کە پەیوەندییان بە داعش و قاعیدەوە هەیە". 
 
بەپێی لیژنەکە، ئەو بڕیارە لەسەر داوای دەوڵەتی مالیزیا و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1373ی ساڵی 2001 بووە.
 
هەروەها دەڵێت، "خستنە لیستی ناوی قەوارەکانی دیکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی لیستەکە بووە پێش وردبینیکردنی، بۆیە ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە راست دەکرێتەوە و ئەو قەوارە و حیزبانە لە لیستی قەوارە پەیوەندیدارەکان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە دەردەهێندرێن." مەبەست لێی، حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەنن.
 
ژمارە 4848ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوبووەوە، بەڵام رێکەوتی 17ی تشرینی دووەمی 2025 لەسەرە. تێیدا پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانی لە لیستی تیرۆردا داناوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەو نوێکردنەوەیە لە چوارچێوەی دیاریکردنی ئەو قەوارە و کەسانەدابووە کە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، ناوی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، بۆ ئەحمەد حوسێن شەرع گۆڕدراوە. ئەحمەد شەرع ئێستا سەرۆککۆماری سووریایە.
 
موڕاد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە لە وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی داد هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو بڕیارانەی لەلایەنە فەرمییەکانی دەوڵەت دەردەچن لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێنەوە و دواتر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
دوای بڕیارەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 مستەفا سەنەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە حەشدی شەعبی لە پۆستێکدا لە پەیجی فەیسبووکی خۆیدا رەخنەی تووندی لەو بڕیارە گرت و دەڵێت، "بەداخەوە عێراق حوسییەکان و حیزبوڵڵای وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن دەکات، کەچی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکات. ئەمە شەرمەزارییە بۆ ئێوە و هەڵوێستێکی ئابڕووبەرانەیە کە زۆر لە وڵاتانی عەرەبیش کاری وایان نەکردووە. دەرکەوت وتارەکەی سودانیش (محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) پێش دوو ساڵ لە لووتکەی عەرەبی، هەمووی تەنیا قسەی رووت و بێ کردار بووە (وەک بڵقی سەر ئاو بوو)."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕێیەتی و یەکێک بووە لەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەربژێری کردووە.
 
ترەمپ هەروەها راشیگەیاند، سەری سوڕماوە لە بڕیارەکەی سوودانی و چاوەڕوانی ئەو جۆرە بڕیارەی لە عێراق نەکردووە، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆشی بۆ سوودانی دەربڕی.
 
لە پای ئەو ستایشەی ترەمپ دا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 3-12-2025 لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "لەو کاتەوەی بەرپرسیارێتیم وەرگرتووە، سووربووم لەسەر ئەوەی دۆستایەتییەک بونیاد بنێم کە لە خزمەتی عێراقدا بێت".
 
سوودانی گوتیشی: "لەسەرەتاوە درکم بەوە کردووە کە پەیوەندیی دۆستانە، نەک دوژمنایەتی، گەرەنتیی سەقامگیری و گەشەسەندن و ئاوەدانیی وڵاتەکەمانە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.

شیعە چاوەڕێی سوننەیە؛ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەدرێتە عەسائیب؟

چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن سوننەکانەوە دەکات، بۆ ئەوەی پشکی خۆی کە جێگری یەکەمە دیاری بکات؛ ئاماژەکان بۆ ئەوەن پۆستەکە بۆ "عەسائیبی ئەهلی حەق" دەبێت.