ئەمڕۆ دوا وادەی خۆبەربژێکردنە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؛ پارتی بە مەرج دەنگ بە بەربژێری یەکێتی دەدات

دوێنێ کاژێر 09:39
سیروان عەباس
کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق - کۆشکی سەلام. وێنە: ئەرشیڤ
کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق - کۆشکی سەلام. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی سیڤیی ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر بکەن، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 کەس خۆیان بەربژێر کردووە و پارتی و یەکێتییش بەربژێری خۆیان رانەگەیاندووە.
 
بەپێی نەریتی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە، لەنێو کوردیش بەپێی رێککەوتنی پێشووی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو دوو خاوەن زۆرترین کورسیی کورد لە بەغدا، لە عێراقی نوێدا ئەو پۆستە دراوە بە یەکێتی.
 
پارتی بۆ یەکێتی: چەند بەربژێرێک دیاری بکە و یەکێکیان هەڵدەبژێرین
 
پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە دەنگ بە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدات، بەڵام بە مەرج.
 
دوێنێ یەکشەممە 04-01-2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆبووەوە و پۆستی سەرۆککۆمار بەشێکی گفتوگۆکانیان بووە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پارتی بە یەکێتیی راگەیاندووە، ئەگەر ناوی چەند کەسێک وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری بکات و خۆی یەکێکیان هەڵبژێرێت، دەنگی پێدەدەن.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، ئەگەر یەکێتی ناوی زیاتر لە بەربژێرێکیان رادەست نەکات، رەنگە ئەوانیش بە بڕیاری خۆیاندا بچنەوە.
 
سیپان شێروانی: هەر بەربژێرێک مەرجەکانی تێدابێت پارتی دەنگی پێدەدات
 
سیپان شێروانی، لە خولی پێنجەم پەرلەمانتاری پارتی بوو، لەم خولەش دەنگی پێویستی هێنایەوە و ئێستاش پەرلەمانتارە. لەکاتی بەشداریکردنی لە 'رۆژی هیوا جەمال'ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئێمە بەرچاومان روونە کە پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، کەسێکی کوردی رەسەنی دڵسۆز ئەو پۆستە وەربگرێت، نەک پارتی بێت یان حیزبێکی دیکە."
 
 
رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک بارزانی چەند میکانیزمێکی بۆ دیاریکردنی نوێنەری کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار خستەڕوو و رایگەیاند، نوێنەری کورد بۆ پۆستەکە لە پەرلەمانی کوردستان یان لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دیاری بکرێت، یان لایەنەکان کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی کەسێک، "مەرج نییە ئەو بەربژێرە پارتی یان یەکێتی بێت."
 
سیپان شێروانی گوتی، "ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرۆککۆماری داهاتوو نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی گەلی کورد بکات و گوزارشت لە گەلی کورد بکات. ئەو کەسەی پۆستەکە وەردەگرێت، دەبێت خەڵکی کوردستان ئەو متمانەیان پێی هەبێت، کە نوێنەرایەتیی ئەوان دەکات."
 
گوتیشی، "هەر بەربژێرێک مەرجەکانی تێدابێت فراکسیۆنی پارتی پاڵپشتیی دەکات، جا پارتی بێت یان لایەنێکی دیکە."
 
مەرجێکی پارتی؛ پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم
 
رووداو زانیویەتی، یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی پارتی بۆ دەنگدان بە بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار، ئاسانکارییە بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و تاوەکو ئەمڕۆ پێکنەهێندراوە.
 
بەڵام بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هەڵوێستمان دەرنەبڕیوە بەرامبەر هەر خواستێکی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەوەی هەبێت لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیمان بڕیاری لەسەر دەدرێت."
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەربژێری سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە
 
تاوەکو ئێستا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەربژێری فەرمیی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئاشکرا نەکردووە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆدەبێتەوە و بەربژێری حیزبەکە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە.
 
چەند کەسێک لە یەکێتی خۆیان بەربژێر کردووە و بەربژێری حیزبەکەش نین
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە، لەنێویاندا ژمارەیەک کەسی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەن کە هیچیان بەربژێری دانپێدانراوی حیزبەکە نین.
 
ئاسۆ فەرەیدوون، پێشتر لە پشکی یەکێتی پارێزگاری سلێمانی بووە و دواتریش بووەتە پەرلەمانتاری عێراق. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی یەکشەممەش، وەک بەربژێری سەربەخۆ فۆرمی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێشکێش کردووە.
 
هەروەها شوان داوودی، پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی لە بەغدا، خۆی بەربژێر کردووە. داوودی بە رووداوی گوت، "وەک یەکەم کەس فۆرمی بەربژێربوونم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پڕکردەوە و پسوولەکەشم وەرگرتەوە کە ژمارە یەکە؛ لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرا."
 
شوان داوودی گوتی، "نزیکەی چوار ساڵ و نیوە پەیوەندیم بە یەکێتییەوە نەماوە و وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ خۆم بەربژێر کردووە."
 
بەشێک لەو ناوانەی خۆیان بەربژێر کردووە و بەشێکیان کوردن:
 
1. شوان حەوێز فەریق نامیق داودی (کورد)
2. شیلان فوئاد عەبدوللـەتیف عەبدولڕەحمان (کورد)
3. شێرزاد بابان مەجید سولەیمان (کورد)
4. ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد
5. محەممەد مەهدی جامڵ وائیلی
6. نەبەز محەممەد عەلی ئەحمەد (کورد)
7. حوسێن تەها حەسەن سنجاری (کورد)
8. جوان محەممەد فوئاد مەعسووم (کورد)
9. نەجمەدین عەبدولکەریم حەمە کریم (کورد)
10. ئەمیرە جەعفەر جابر عەبوودی
11. عەممار عادل عەونی شەممەری
12. ئاسۆ فەرەیدوون عەلی (کورد)
13. حەمزە برێسم ثەجیل مەسحەب
14. رەشید مەهدی عەبوود سەعدی
15. دڵشاد محەممەد عەبدولڕەحمان (کورد)
16. خالید سدیق عەزیز محەممەد
17. ئەحمەد خەمیس خەلیل جەنابی
18. سامان عەلی ئیسماعیل مەحموود شالی (کورد)
19. خالید مستەفا حوسێن شەریف (کورد)
20. فەیسەڵ موحسین عەبوود کلابی
21. ئەنوەر حەمەد ئەمین ئەحمەد (کورد)
22. کافی دنۆ بتی قەس یونان
23. محەممەد سابیر سولەیمان عەزیز سولەیمان هەمەوەندی (کورد)
24. ئومێد عەبدولسەلام قادر (کورد)
25. سیروان ئەحمەد رەشید کوێخا عەزیز (کورد)
26. ئەحمەد ساجت هاشم حەسەن
27. ئەحمەد خەلیل خزەیر خەلیل
28. سالم حەواس عەلی ساعدی
29. عەلی جاسم ئەحمەد بەیاتی
30. یوسف محەممەد رەوشەن سەلاحەدین  
31. نەبیل سولەیمان عەبدولمەجید عوبەید کوبەیسی
32. لەیس داخل سەلوومی نەشمی عەبوودی
33. عەلی عەباس جاسم عەلی سوڵتانی
34. عەبدولجەلیل حەمەد مەجید فەهداوی
35. سوهەیل مەحموود جاسم رەبیع
36. سالار رەحیم کەریم جاف (کورد)
37. سادق عەبدوڵڵا خزەیر غەبن محیاوی
38. رەعد خزەیر دەفاک سایل جەنابی
39. سەباح ساڵح سەعید عەبدول مەلەکا
40. رافیع عەبدوڵڵا حەمید دەوری
41. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی (کورد)
 
ئەگەر رێکنەکەوتن؛ پارتی دەنگ بە کێ دەدات؟
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوەڕێی یەکێتییە بۆ ئەوەی زیاتر لە ناوێکی وەکو بەربژێر بۆ بنێرێت. بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەوبارەوە کۆببێتەوە و بەربژێری خۆیان یەکلایی بکاتەوە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ یەک ناو دەستنیشان دەکەن یاخود چەند ناوێک دەنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی لەسەری رێکبکەون.
 
لەلایەکی دیکەوە، موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆم بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر دەکەم، لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەی کە لێمانەوە نزیکن (نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست) قسەمان کردووە و بەڵێنیان داوە دەنگم پێبدەن."
 
موسەننا ئەمین گوتی: "تاوەکو ئێستا دیارنییە پارتی بەربژێری دەبێت یان نا، هەروەها دیاریش نییە لەگەڵ یەکێتی لەسەر بەربژێرێک رێکدەکەوێت یان نا، ئەگەر بەربژێری نەبوو و لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوت، ئێمە داوای دەنگیان لێدەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا

کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بۆ دادوەر و فەرماندەکان: خۆتان لە ململانێی سیاسی بەدوور بگرن

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، عێراق پێویستی بە حکومەتێکە خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و دەسەڵاتی بەسەر خاک و ئاسمانی وڵاتدا هەبێت، هاوکات هۆشداریش دەداتە بەشێک لە دادوەران و فەرماندە سەربازییەکان.