رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار کۆدەبێتەوە و عومەر مەشعان دەبووس، بەهێزترین بەربژێرە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنەکە.
سەعد غازی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ (دووشەممە، 5-2-2024) ئەندامانی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی ئەنبار سوێند دەخۆن و نیوەڕۆش ئەنجوومەنەکە کۆدەبێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگەی ئەنبار لە 16 ئەندام پێکهاتووە، هاوپەیمانیی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی دەنگی یەکەم و شەش کورسیی هێناوە.
سەبارەت بە دانوستاندن و گفتوگۆی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی ئەنبار، یاخود پارێزگار، سەعد غازی گوتی، عومەر مەشعان دەبووس، نزیکترینە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی ئەنبار وەربگرێت، تائێستاش پۆستی پارێزگار یەکلانەبووەتەوە.
عومەر مەشعان دەبووس فەرحان زیابی، لە هاوپەیمانی تەقەدووم لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی ئەنبار دەنگی یەکەمی هێنا کە 15 هەزار و 232 دەنگ بوو.
بەگوتەی ئەندامە نوێیەکەی ئەنجوومەنەکە، کاری لە پێشینەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار پێداچوونەوە دەبێت بە زۆرینەی بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکان، هەروەها پێداچوونەوە بە دۆسیەی قەرەبووکردنەوە و دۆسیەی شەهید و برینداران و چەند بابەتێکی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ