سوودانی بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکان: لە هەر بەرەیەکتانەوە دزەکردنی ئەمنی رووبدات بەرپرسان دەگۆڕم

05-03-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیارێک ئاراستەى سوپا و هێزە ئەمنییەکانى دیکە دەکات، بەوەى لە هەر بەرەکى ئەو هێزانەوە دزەکردنى ئەمنى رووبدات و کوژراوى لێبکەوێتەوە، لێکۆڵینەوە لە بەرپرسەکانیان دەکرێت و دەگۆڕدرێن.
 
نووسراوەکەى محەممەد شیاع سوودانى لە 2ى ئادارى 2023 ئاراستەى فەرماندەى هێزەکانى وشکانى و سەرجەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کراوە کە سەر بە وەزارەتى بەرگری و ناوخۆن لە پارێزگاکانى عێراق. 
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لە هەر بەرەیەک کە لە بەرپرسیارێتى هێزە ئەمنییەکاندایە، دزەکردنى ئەمنى رووبدات و لەنێو هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانى مەدەنى کوژراوى لێبکەوێتەوە، لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکدەهێندرێت کە دەبێت لە ماوەى 48 کاژێردا ئەنجامەکەى بخرێتە بەردەم فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان.
 
بەگوێرەى بڕیارەکە، لەو بەرانەى کە دزەکردنە ئەمنییەکە تێیدا روودەدات، لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر فەرماندەى فەوج، سریە، فەسیڵ-ى هێزە ئەمنییەکانى ئەو سنوورە پێکدەهێندرێت و ئەو بەرپرسانە دەگۆڕدرێن.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە دواى ساڵى 2003 ئەو بڕیارە بەوشێوەیە جێبەجێ نەکراوە، لەکاتێکدا لە سەردەمى سوپاى پێشووى عێراق، ئەو رێکارە گیراوەتەبەر.
 
سەگڤان سندى گوتیشى: "ئەو هەنگاوە بۆ رێگرییە لە دزەکردنى ئەمنى و سزاى بەرپرسانى ئەو بەرانەى دزەکردنەکە تێیدا روودەدات، لادانە لە بەرپرسیارێتییەکانیان و دوورخستنەوەیانە بۆ جێگەى دیکە." 
 
لە سنوورى پارێزگاکانى کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین و بەغدا، جارجار چەکدارانى رێکخراوى داعش هێرش دەکەن و کوژراو و بریندارى لەنێو هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان لێدەکەوێتەوە.
 
دوایین هێرش کە چەکدارانى داعش ئەنجامیان دابێت و کوژراوی لێکەوتبێتەوە، لە 16ى شوباتی 2023 بوو لە ناوچەى تارمییەى باکوورى بەغدا کە بەهۆیەوە فەرماندەى فەوجى لیواى سێى مغاویر و دوو کارمەندى دیکەى ئەو هێزە کوژران.
     
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە