شێلی کیتڵسن، رۆژنامەڤانی ئەمریکی چیرۆکی رفاندنەکەی لە بەغدا دەگێڕێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شێلی کیتڵسن، رۆژنامەڤانی ئەمریکی، وردەکاریی رفاندنی لە بەغدا ئاشکرا دەکات و باس لە زیاتر لە هەفتەیەک دەستبەسەرکردنی خۆی لەلایەن چەکدارانێکەوە دەکات کە بە گوتەی خۆی، سەر بە گرووپی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران بوون. 
 
چیرۆکی شێلی کیتڵسن لە 23ی نیسانی 2024 لە گۆڤاری ئەتلانتیک بڵاوکراوەتەوە.
 
کیتڵسن، کە زیاتر لە دەیەیەکە لە عێراقەوە رووماڵی میدیایی دەکات، رایگەیاند، رۆژی 31ی ئادار لە شەقامێکی بەغدا لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندراوە، لە کاتێکدا هەوڵی داوە تەکسییەک بگرێت بۆ هەڤپەیڤینێک لەگەڵ بەرپرسێکی حکومەتی عێراق کە ماوەیەکی زۆر بوو دەیناسی. ئەو دەڵێت، ئەو رۆژە، لە چایخانەیەک بووە کە پیاوانی بەتەمەن تێیدا دادەنیشن، پاشان گەڕاوەتەوە هۆتێلەکەی بۆ ئەوەی جلوبەرگی فەرمی بۆ هەڤپەیڤینەکە لەبەر بکات. کامێرای چاودێری ئەو ساتەی تۆمارکردووە کە دوو پیاوی بەهێز بە زۆر دەیخەنە پشتەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە، لە کاتێکدا خەڵک سەیریان دەکەن و هیچ کاردانەوەیەکیان نییە.
 
بەپێی گێڕانەوەکەی، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا رفێنەرەکان دەست و قاچیان بە کێبڵی پلاستیکی بەستووەتەوە، چاویان بەستووە و کیسێکیان بەسەردا کردووە. کاتێک بە زمانی عەرەبی پرسیاری کردووە کە بۆچی رفێندراوە، یەکێک لە پیاوەکان بە زمانی ئینگلیزی وەڵامی داوەتەوە و پێیگوتووە "قسە مەکە!"، هەروەها چەندین جار لە پشتی و لای راستییەوە لێیداوە. یەکەمجار هۆشی لەدەستداوە دوای ئەوەی بە هێواشی بە زمانی عەرەبی دەستی بە نزاکردن کردووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لێی بدرێت. جلەکانی تاوەکو سەر کەمەری داماڵدراون و دواتر بۆی دەرکەوتووە کە چەند ئێسکێکی پەراسووی شکاون. گۆرەوییەکانی وەک چاوبەست بەکارهێنراون و وەک خۆی نووسیویەتی، بە درێژایی ماوەی دەستبەسەرییەکەی "بە خوێنەوە وشک بوونەتەوە".
 
کیتڵسن، باسی لەوە کرد کە سەرەتا لە ژوورێکی تەنگ و بێ پەنجەرەدا لە خانوویەک دەستبەسەر بووە کە لە ناوچەیەکی نێو شار دەچوو. دەرگایەکی قورس تاکە رێگەی چوونە ژوورەوە بووە و کامێرایەکی ڤیدیۆیی بەردەوام وێنەی گرتووە. لەو ماوەیەدا بە بەستراوی ماوەتەوە، تەنیا هەندێکجار بە چاوبەستراوی بۆ بەکارهێنانی ئاودەست براوەتە دەرەوە. رفێنەرەکانی تەنیا پێیانگوتووە کە لەژێر "دەستبەسەری" و لە "دەستی هێزە ئەمنییەکان"دایە و ئەگەر بێتاوان دەربچێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا ئازاد دەکرێت".
 
دوای چەند رۆژێک، لەلایەن چەند پیاوێکەوە کە چەقۆیان پێبووە، راکێشراوەتە دەرەوە و لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلدا گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە کە زیاتر لە ناوچەیەکی گوندنشین دەچوو. بارودۆخی لەوێ بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە؛ کێبڵە پلاستیکییەکانیان بە کەلەپچە گۆڕیبوو، چاوبەستەکەی لە ژوورەوە لێکرابووەوە و پەنجەرەیەک تیشکی رۆژی دەهێنایە ژوورەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پاسەوانێک کە دەمامکێکی سەربازیی بەستبوو، ئاگاداری کردبووەوە کە هەر هەوڵێک بۆ سەیرکردنی دەرەوە یان هەڵاتن، سزاکەی مردن دەبێت. وەک خۆی باسی دەکات، پاسەوانەکە گوتوویەتی: "ئێمە ئێستا 'هاوڕێ'ین، بەڵام ئەگەر هەوڵبدەیت لەو پەنجەرەیەوە یان هەر شوێنێکی دیکە سەیری دەرەوە بکەیت، 'هاوڕێیەتییەکەمان' لەوێدا کۆتایی دێت".
 
لە شوێنی دووەمی دەستبەسەرییەکەیدا، پاسەوانەکان هەندێک شتیان پێدا کە کیتڵسن بە "بەزەیی بچووک" ناویان دەبات، لەوانە: ماست، خورما، هێلکە، شووتی کە دەیانگوت "بۆ چاکبوونەوە باشە"، هەروەها کلێنکس و پێداویستیی تەندروستیی ژنان، چونکە لە یەکەم رۆژی دەستبەسەرکردنییەوە تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر بووبوو. لەوێدا رێگەی پێدرابوو بەردەوام دەستشۆر بەکاربهێنێت. 
 
بە گوتەی کیتڵسن، یەکێک لە رفێنەرەکان پێی راگەیاندبوو، "تۆ بێتاوانیت، ئێمە ئەوە دەزانین"، بەڵام روونیکردەوە کە "ئێستا شەڕە و تۆش پاسپۆرتی ئەمریکیت پێیە". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "زانیاریی هەڵە" لە دژی  هەبووە و دەرکەوتووە کە راست نین. کاتێک کیتڵسن پێیان دەڵێت کە رەنگە رفێنەرەکانی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بن، یەکێک لە رفێنەرەکان لە وەڵامدا پێیدەڵێت، کاتێک ئازاد دەکرێیت دەزانیت ئەوان کێن.
 
ئەو ئازار و ئەشکەنجەیە بە لێپرسینەوەیەکی شانۆئامێز گەیشتە لووتکە، کە لەلایەن پیاوێکەوە بەڕێوەدەچوو کە بە نازناوی "ئەفسەری لێکۆڵەر"، "دکتۆر" و "دادوەر" بانگ دەکرا. گەنجێکی دیکە کە چاویلکەیەکی رەشی لەچاو کردبوو یاوەریی دەکرد و بەردەوام هاواری دەکرد: "تۆ درۆ دەکەیت!". کیتڵسن تۆمەتبار کرابوو بەوەی کە چەندین مانگ لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ژیاوە، لە هۆتێل بابیلۆن چاوی بە بەرپرسێکی ئەمریکی کەوتووە و زانیاریی هەواڵگریی لەبارەی شوێنی گرووپە نزیکەکانی ئێرانەوە پێداوە. 
 
لە بەرامبەردا، کیتڵسن دەڵێت کە لەوێ لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای عێراقی قسەی کردووە کە ئینگلیزیزانێکی باش بووە. لێکۆڵەرەکە "دانپێدانان"ێکی دروستکراوی ئامادەکردبوو کە تێیدا وا دەردەکەوت کیتڵسن زانیاریی لەبارەی سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە کۆکردووەتەوە و بە بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، لەنێویاندا کۆنسووڵ گەیاندووە. هەروەها لە دانپێدانانەکەدا هاتبوو کە لە ساڵی 2025 لە سووریا و پێشتریش لە ئۆکراینا لەلایەن ئەفسەرانی سەربازیی ئەمریکاوە راهێنانی پێکراوە. داواکارییەکە بۆ ناوهێنانی کۆنسووڵەکە خرایە لاوە، چونکە نە ئەو و نە پاسەوانەکانی ناویان نەدەزانی.
 
کیتڵسن رایگەیاند، 30 خولەکیان پێداوە بۆ ئەوەی سیناریۆکە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لەبەر بکات و هۆشدارییان پێداوە کە "خەڵکێکی زۆر لێرە لە دەرەوە دەیانەوێت بتکوژن". ئەویش بۆ پاراستنی ژیانی، بەم کارە رازی بووە. قۆڵەکانی کراسەکەیان هێنابووە خوارەوە بۆ شاردنەوەی برین و شوێنی لێدانەکان. لێکۆڵەرەکە تۆمارەکەی بە "بلیتی ئازادی" ناوبرد و هیوای خواست رۆژێک بتوانێت دیسان بە سەلامەتی بە شەقامەکانی عێراقدا بگەڕێت.
 
کیتڵسن، لە کاتێکی درەنگی بەرەبەیانی 8ی نیساندا ئازاد کرا. دوای ئەوەی چاوی بەسترابوو و لە نێوان چەند ئۆتۆمبێلێکدا گوازرابووەوە، لە کۆتاییدا رادەستی هێزە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق کرایەوە. دواتر براوەتە ناوچەی سەوزی بەغدا و لەوێ لەلایەن فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
 
 لە کاتی پێشوازییەکەدا، کیتڵسن هێشتا ئەو جلە پەمەییەی لەبەردا بوو کە لەلایەن رفێنەرەکانییەوە پێیدرابوو. دوای ئەوەی زێدان دەستی گرتبوو، رادەستی بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریکای کرد، کە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستیانەوە بۆ ئەورووپا. کیتڵسن دواتر ئاگادارکرایەوە کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتیی رفاندنەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و بەپێی زانیارییەکان، داوای ئازادکردنی ژمارەیەک چەکداری خۆیان لە بەرامبەر ئازادکردنیدا کردووە؛ بەڵام هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی ئازادکردنی هیچ زیندانییەکەوە لە ئارادا نییە. 
 
سەرەڕای ئەو تووندوتیژییەی لە ماوەی دەستبەسەریدا بەرامبەری کرابوو، کیتڵسن لە کۆتایی نووسینەکەیدا پابەندبوونی خۆی بە کاری رۆژنامەڤانی لە عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە فایەق زێدان بەڵێنی هەڤپەیڤینێکی لە داهاتوودا پێداوە و بەخێرهاتنەوەی کردووەتەوە بۆ وڵاتەکە. ئەو نووسیویەتی: "چەندین چیرۆکی گرنگ لە عێراقدا هەن کە شایەنی ئەوەن لەلایەن رۆژنامەڤانانی بە ئەزموونەوە گرنگییان پێبدرێت کە شارەزاییەکی باشیان لە وڵاتەکە هەیە و بایەخێکی زۆری پێدەدەن". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە

موقتەدا سەدر فەرمانی کشاندنەوەی چەک و گۆڕینی فەرماندەکانی سەرایا سەلامی لە کەربەلا دەرکرد

موقتەدا سەدر چەند بڕیارێکی لەبارەی دۆخی شاری کەربەلا دەرکرد و فەرمانی کرد بە کشاندنەوەی سەرجەم چەکەکان و گۆڕینی فەرماندە سەربازییەکانی سەرایا سەلام، ئەوەش دوای پێکدادانە چەکدارییەکانی شەوی رابردووی ئەو شارە.