رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی یەکشەممەوە گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیای "ئێران ئێر" (Iran Air) هێڵی (تاران – نەجەف – تاران) دەستپێدەکاتەوە و بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی بۆ سێ شاری دیکە فراوان بکات.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیای "ئێران ئێر" لەسەر هێڵی (تاران – نەجەف – تاران) دەستپێدەکاتەوە.
یەکەم گەشتی کۆمپانیاکە ئەمڕۆ کاژێر 10:50ـی پێشنیوەڕۆ لە تارانەوە دەگاتە فڕۆکەخانەی نەجەف و کاژێر 11:50ـی پێشنیوەڕۆ فڕۆکەخانەکە بەرەو تاران جێدەهێڵێت.
بڕیاریشە سبەی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، گەشتەکانی کۆمپانیای مەعراجی ئێرانیش بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەستپێبکەنەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە 58 رۆژ لە راگرتنی گەشتەکان لە ئەنجامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی فراوانکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو، گەشتی ئاسمانی بۆ شارەکانی ئەنتاڵیا لە تورکیا؛ مومبای لە هیندستان و مەسقەت لە عومان دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ