رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، روونکردنەوە لەبارەی پارێزبەندی سەر هادی سەلامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەدات.
رۆژی سێشەممە 5ی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، هەندێک میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی لەبارەی سزا سووکەکەی سەر پەرلەمانتارێک و پارێزبەندییەکەی زانیاری نادروستیان بڵاوکردووەتەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، پەرلەمانتار تەنیا لەکاتێکدا پارێزبەندی هەیە کە بە ئەنجامدانی تاوانێک تۆمەتبار کرابێت، بەڵام ئەنجامدانی کەتن و سەرپێچی دیکە پێویست بە هەڵگرتنی پارێزبەندی ناکات، ئەوە بنەمایەکە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەبارەوە داوە بە ژمارە 90/فیدراڵی/2019 لە 28-04-2021دا.
بە گوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دادگەی کەتنی کەرخ تایبەت بە دۆسیەی دەستپاکی، رۆژی 5ی ئاداری 2024 لەسەر سکاڵای وەزارەتی بازرگانی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، سزای شەش مانگ زیندانی و یەک ملیۆن دیناری بۆ هادی حەسەن سەلامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
لە دیمەنێکی ڤیدیۆیی دا دەردەکەوێت کە مستەفا سەند، ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەردانی هادی سەلامی کردووە و سەلامی دەڵێت، پارێزبەندی هەیە کەچی دادگە سزای داوە، "بەڵام رێز لە بڕیارەکەی دادگەش دەگرێت".
لەوبارەیەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی سێشەممە 5ی ئاداری 2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "هادی سەلامی نووسراوی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ ناوزڕاندن، بێ رێزیکردن بە وەزارەتی بازرگانی و شێواندنی رای گشتی ساختە کردووە. ئەو پەرلەمانتارە نووسراوی ساختەی پێشکێشکردووە و ئەوەش لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکراوەتەوە".
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، هادی سەلامی سەرپێچی لە ئەرک و پیشەکەی کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەت لە مافی خۆی خۆش نابێت و داوای قەرەبوو دەکات.
دوای بڕیارەکەی دادگە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق، نووسراوی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد کە وێنەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا هاتووە، نابێت پەرلەمانتار دەستگیربکرێت و ئەگەریش بە ئەنجامدانی تاوانێک تۆمەتبار بێت، پێویستە بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمانتاران، پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت.
مەندەلاوی دەڵێت، پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر هادی حەسەن سەلامی هەڵنەگرتووە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پێشتر داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە کردووە تاوەکو دەستبەسەری بکات؛ بۆیە دەستگیرکردنی پەرلەمانتارەکە پێچەوانەی مافی پارێزبەندییە و لەگەڵ دەستووریش ناگونجێت.
هەر لەو بارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرلەمانتار لە دوو دۆخدا پێویستی بەوە نییە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت. یەکەم، تاوانێکی بە بەرچاوی خەڵکەوە کردبێت. دووەم، لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر بکرێت.
ئەو پەرلەمانتاردە دەڵێت، ئەگەر لەو دوو دۆخەدا نەبوو و لەکاتی وەرزی یاسادانان بوو، پێویستە هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی بخرێتە دەنگدانەوە؛ ئەگەریش پەرلەمان لە پشوودا بوو، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەتوانێت پارێزبەندییەکەی لەسەر هەڵبگرێت.
موسەننا ئەمین گوتی، ئەگەر پەرلەمانتارەکە بەپێی خۆی چووە دادگە، کەواتە پارێزبەندییەکەی لەسەر خۆی هەڵگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ