رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، هاوئاهەنگییەکی باڵایان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تورکیا 15 بۆ 20 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی عێراقەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە دیداری رافیدەین لە بەغدا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پەیوەندیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "هێزەکانی فەرماندەیی سنوور هێزی فیدراڵین. ناوچەی یەک بەرپرسە لە سنوورمان لە دهۆک، هەولێر و سلێمانی کە سەر بە فەرماندەیی پاسەوانی سنوورە".
هەروەها گوتیشی، "بەهۆی دۆخی ئێستا و دەستوەردانی تورکیا لە دهۆک و هەولێر، 15 بۆ 20 کلیۆمەتر لەنێو سنووری عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیادایە. ئەو ناوچەیە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیایە دژی پەکەکە".
وەزیری ناوخۆی عێراق باسی لەوە کرد، هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە بەوەی پێویستە ئەو خاڵانە بەرەو هێڵی سنوور بچنە پێشەوە، "دەستمان بەوە کردووە کە هێڵی سنوور تووندوتۆڵ بکەین، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکی. ئەم بابەتە پێویستی بە کاتە، ئەوەش بەهۆی سەختی و دژواری ناوچەکە کە ناوچەی شاخاوییە".
عەبدولئەمیر شەمەری ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک کەموکوڕییان هەیە، ئەوەش بەهۆی کەمی تواناکانەوە، "بەڵام لە 2023دا ناوچەی یەک بەهێز و تووندوتۆڵ کرا بە کارمەند، ئەفسەر، دابینکردنی کەلوپەل، پێداویستی بۆ کردنەوەی رێگە، دابینکردنی ئۆتۆمبێل و کامێرا".
شەمەری گوتی، "ئێستا لە خانەقین تاوەکو هەڵەبجە کۆنترۆڵی سنوور زۆر باشە و نزیکەی 80 خاڵ دروستکراون؛ نزیکەی 200 کیلۆمەتری دیکە ماوە پێویستی بە تووندتۆڵکردن هەیە، ئەوەش بەهۆی سەختی و دژواری ناوچەکە پێویستی بە کاتە تاوەکو خاڵەکان لەسەر سنوور دروست بکرێن".
وەزیری ناوخۆی عێراق بەرپرسیاریێتی ئاسایش لە هەرێمی کوردستانی خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "هاوئاهەنگییەکی باڵامان هەیە، بەدیاریکراوی لەگەڵ برام رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری مادەی هۆشبەر. زۆر بازرگانی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەر لە هەرێم هەن لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەسرە هاتوچۆ دەکەن، بەم دواییانە تۆڕێکمان دەستگیرکرد".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر و پاساوی بوونی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی، "لێکۆڵینەوەکان بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بوون. ئەعرەجی سەردانی هەولێری کرد. ناتوانم وەڵامی شتێک بدەمەوە کە نەم بینیوە، جەنابت پرسیارت کرد کە ئایا راستە بارەگای مۆساد لە هەرێمی کوردستان هەیە؟ من نەچوومەتە هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە؛ نە لە لێکۆڵینەوە بەشداربووم و نە ئاگاداری لێکۆڵینەوەکەشم".
کاژێر 11:30ی خولەکی شەوی 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رۆژی سێشەممە، 16-1-2024 رایگەیاند، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چووەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارە لە هەولێر و "دەرکەوت بانگەشەکان کە باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین."
ئەوەی کە پەیوەندی بە سنووری نێوان عێراق و سووریایشەوە هەیە، عەبدولئەمیر شەمەری گوتی، ئاسایشی سنووریان لەگەڵ سووریا تووندوتۆڵ کردووە و ئەوەش وایکردووە، ئێستا چەک لە سووریاوە نەبرێتە نێو عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ