قاسم ئەعرەجی: پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان سەقامگیری دەهێنێت

05-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە و باسیان لە رێگەی گەشەپێدان کردووە. قاسم ئەعرەجی دەڵێت، پڕۆژەکە سەقامگیری بۆ عێراق دەهێنێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئاداری 2024، نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، قاسم ئەعرەجی لە ئەنقەرە لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەتەوە. 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، "گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی هەردوو وڵاتی دراوسێ، بەتایبەت لەبارەی پرسی ئەمنی، کۆنترۆڵکردنی سنوور، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو و ئاڵۆگۆڕی زانیاری کراوە."
 
نووسینگەی ئەعرەجی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا "قووڵایی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و مێژووی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا و بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو ئاستەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا."
 
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان یەکێکی دیکە لەو تەوەرانە بوو کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوە کرا و نووسینگەی ئەعرەجی دەڵێت، "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەشێوەیەکی سرووشتی دەبێتە هۆی سەقامگیری لە هەموو روویەکەوە، بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە سوودی بۆ هەموو لایەک دەبێت."
 
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان رێگەیەکی گەورەی ئابوورییە كە بڕیارە بەندەری فاو لە رێگەی توركیاوە بە ئەورووپاوە ببەستێتەوە.
 
هێڵی ئاسنینی پڕۆژەکە لە بەندەری فاو تاوەکو پێشابوور بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە؛ هێڵەکە بە 10 پارێزگادا تێدەپەڕێت، بەگشتی پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت. بڕیارە قۆناخی یەکەم ساڵی 2028 تەواو بێت، قۆناخی دووەم ساڵی 2038 و قۆناخی سێیەمیش ساڵی 2050. 
 
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە کە 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلارەکەی دیکە تێچووی دروستکردنی هێڵەکەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."