ئایاری ئەم ساڵ دۆسیەى ئەمنیى ئەنبار رادەستى پۆلیس دەکرێت

05-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار رایگەیاند، یەکى ئایاری ئەم ساڵ دۆسیەى ئەمنیى پارێزگاى ئەنبار لە سوپا و حەشدى شەعبیەوە رادەستى پۆلیسی ئەو پارێزگایە دەکرێت.
 
رۆژی 5ى نیسانى 2024، سەعد محەممەدى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار لە فراکسیۆنى ئەنبار هەویەتونا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دەبووایە لە یەکى نیسان دۆسیەى بەرپرسیارێتیى ئەمنیی پارێزگاى ئەنبار رادەستى فەرماندەیی پۆلیسى ئەنبار بکرێت و سوپا و حەشەدی شەعبى لە شارەکە بچنە دەرەوە، بە سنوور و بیابانى ئەنباریشەوە، بەڵام دواخرا بۆ یەکى ئایار."
 
سەعد محەممەدى گوتی، لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و پۆلیس کۆبوونەتەوە، ئەوان ئامادەن بۆ وەرگرتنى دۆسیەى ئەمنى، فەرماندەیی پۆلیس ئێستا بەرپرسیارێتى زۆربەى ناوچە و دەروازەکانى شارەکەیان گرتووەتە دەست.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار، لەگەڵ فەرماندەیى پۆلیسی شارەکە کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى وردەکاریى دۆسیەى ئەمنى لە ئەنبار و لە یەکى ئایار بەرپرسیارێتى دۆسیەى ئەمنییان رادەست دەکرێت.  
 
سەعد محەممەدى دەڵێت: "ئەو رادەستکردنەوەیە سەرجەم قەزا و ناحیەکانى ئەنبار دەگرێتەوە".
 
ئەنبار گەورەترین پارێزگاى سوننەنشینى عێراقە لە رووى رووبەرەوە، هاوسنوورە لەگەڵ ئوردن، سووریا و سعودیە.
 
بەگوێرەى پلانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، ئەم ساڵ تێکڕاى ئەو پارێزگایانەى دۆسیەى ئەمنی-یان لە سوپاوە رادەستى پۆلیس دەکرێت دەگاتە 11 پارێزگا. هەریەک لە پارێزگاکانى کەرکووک، بەسرە، میسان و بەغدا لە ساڵى 2025 دۆسیەى ئەمنییان رادەستى پۆلیس دەکرێت.
  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە