رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێ، حکومەت پلانێکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشهاتێکی جەنگ و ئەگەری هەڵاتنی خەڵک ئامادە کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئامادەکارییان کردووە ئەگەر بەهۆی جەنگەکەوە خەڵک لە ئێرانەوە بەرەو عێراق بڕۆن.
عەلی جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "حکومەتی عێراق پلانێکی داناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشهات و لێکەوتەیەکی جەنگ، لەوانەش پرسی هەڵاتنی خەڵک و هاتنیان بۆ نێو عێراق. وەزارەتەکەمان ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پێشوازی لەو هاووڵاتییە ئێرانییانە بکەین کە روو لە عێراق دەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ ئاماژەی بەوە کرد، پلانەکە ئامادەیە و رادەستی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە؛ گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەمان کردووە، بە مەبەستی دروستکردنی هاوئاهەنگی و دابینکردنی هاوکاری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێکی هاتنی خەڵک."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای سنوورەکان و جموجووڵ، عەلی جیهانگیر گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ دۆخێکی ئاوارەبوون لە ناوخۆی عێراق یان لە ئێرانەوە بۆ نێو عێراق تۆمارنەکراوە. هاتووچۆ لەنێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و هیچ گرفتێک نییە."
پێشتر حکومەتی عێراق داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردبوو، پلانی نیشتمانیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە دروست دەبێت، ئامادە بکەن.
لە 28ی شوباتی 2026وە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە. لەوکاتەوە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 640 درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ