رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دوو هەفتە بۆ کۆمپانیاکان دادەنێت تاوەکو لێکۆڵینەوە لە سوود و قازانجی کارگەکانیان بکەن، بەو مەبەستەی هەر کارگەیەک قازانجی نەبێت، دایبخەن.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند:" وەزارەت کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی ئاشوور، حەمورابی، فاو و فارووق کردووە بۆ ئەوەی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر کارگەکانیان ئامادە بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق گوتی :"ئەو کۆمپانیایانە نزیکەی پێنج بۆ شەش کارگەیان هەیە کە کەرەستەی سەرەتایی، کەرەستەی بیناسازی، پۆڵا، کۆنکرێت و ئەسفەلت بەرهەم دەهێنن، کە بۆ پڕۆژەکانی خۆیان و بۆ کەرتی گشتی بەکاریان دەهێنن."
نەبیل سەفار راشیگەیاند، وەزارەت رێنمایی داوەتە کۆمپانیاکان کە لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ ئەوەی بزانرێ ئایا ئەو کارگانە قازانجی گونجاویان هەبووە یان نا؛ بڕیاریش دراوە ئەو کارگانەی سوودی ئابورییان نییە دابخرێن، بەڵام کارمەندەکانیان رێکدەخرێنەوە و رەوانەی شوێنی دیکە دەکرێن.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، دوو هەفتەی وەک مۆڵەتی کۆتایی بۆ کۆمپانیاکان دیاریکردووە تاوەکو لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بکەن، دواتر وەزارەت بڕیار لەسەر بەردەوامبوون یان داخستنی کارگەکان دەدات، بە مەرجێک کاریگەریی نەرێنی لەسەر کار و ئامێرەکانیان نەبێت.
نەبیل سەفار روونیکردەوە کە ئەم رێوشوێنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی دەوڵەت، بەتایبەت کە بازاڕە ناوخۆییەکان پڕن لە کەرەستەی بیناسازیی جۆراوجۆر بە نرخێکی گونجاو، بۆیە داخستنی کارگە بێ سوودەکان خەرجییەکانی وەزارەت کەم دەکاتەوە و رێگە بۆ بەرهەمی کۆمپانیاکانی دیکە دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ