رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا پارچەیەک زەوی نیشتەجێبوون و مووچەیەکی مانگانە و 10 ملیۆن دینار بدرێتە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی عێراق لە یاری تۆپی پێدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی ئایاری 2024 سوودانی لەکاتی پێشوازیکردن لە یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیکی عێراق ئەو بڕیارەی داوە.
رۆژی 2ی ئایاری 2024 هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیکی عێراق لە یاریی دەستنیشانکردنی پلەی سێیەم و چوارەمی جامی ئاسیا کە یارییەکانی لە قەتەر بەڕێوەچوون بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئیندۆنیزیای بردەوە.
عێراق بەبردنەوەی یارییەکە وەکو یەکەم هەڵبژاردەی عەرەبی لە کیشوەری ئاسیا بەشداری لە ئۆڵیمپیادی 2024 دەکات و بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆکراینا، ئەرجەنتین و مەغریب یاریی دەکات، یەکەم یارییان بەرامبەر ئۆکراینا دەبێت.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا دوو یاریزانی کورد بەرامبەر ئیندۆنیزیا یارییانکرد، بڵند ئازاد و هەڵۆ فایەق بوون.
بە بردنەوەی ئەم یارییە، هەڵبژاردەی عێراق بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا بەشداری لە ئۆڵیمپیاد دەکات. هاوکات، تاکە هەڵبژاردەی عەرەبییە لەسەر ئاستی ئاسیا شەش جار بەشداریی لە ئۆڵیمپیاد کردبێت.
لەدوای سەرکەوتنی بۆ ئۆڵیمپیاد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەکە کرد و سوپاسی دەستەی هونەری و راهێنەران و بەرپرسانی هەڵبژاردەکەی کرد.
ئۆڵیمپیادی پاریس لە رۆژی 26ـی حوزەیران دەستپێدەکات و تاوەکو 11ـی ئابی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ