رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى و بەڕێوەبەرى گشتیى بانکى بازرگانیى عێراق (تى بی ئاى) کۆبووەوە، باسیان لە کێشەکانى بەردەم ئەو بانکە و چۆنێتیى چارەسەرکردنیان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ى ئایار لە بەغدا کرا، تاوتوێى رۆڵى بانکى TBI کرا لە پارەدارکردن و گەشەپێدانى ئابووریى وڵات.
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى باسی لە گرنگى رۆڵى بانکى TBI کردووە لە پاڵپشتى دامەزراوەکانى حکومەت و کەرتى تایبەت "حکومەت پەرۆشە بۆ پەرەپێدان بەو بانکە و چارەسەرکردنى ئەو کێشە و بەربەستانەى کە هاتوونەتە رێى."
پێشتر لە 14ى ئادارى 2024، سوودانى چەند بڕیارێکى لەبارەى قەرزە کەڵەکەبووەکانى سەر بانکەکەى دەرکرد، وەزارەتى دارایی راسپارد قەرزەکانى ئەو بانکە لەلای دامەزراوە حکومییەکان وەربگرێتەوە، باس لە دانانى نەخشە رێگەیەک کرا بۆ گەڕانەوەى ئەو قەرزانە.
لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆدا بەشدارانى جەختیان لە پشتبەستن بەو نەخشە رێگەیە کردەوە بۆ ئاسانکردنى وەرگرتنى قەرزەکانى ئەو بانکە.
بەگوێرەى رێککەوتنى سەرەتایی نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى، TBI پرۆسەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کردستان جێبەجێ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ