کەشناسیی عێراق بۆ رووداو: خۆڵبارین نێوەڕاست و رۆژئاوا دەگرێتەوە

05-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆڵبارین چەند ناوچەیەکى عێراق دەگرێتەوە و مەدواى بینین نزیکەى چوار کیلۆمەتر دەبێت و ئەو شەپۆلەش تاوەکو سێشەممە بەردەوام دەبێت. بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆ داوا لە شۆفێران دەکات بەخێرایی لێنەخوڕن و گڵۆپى ئۆتۆمبێلەکانیان هەڵبکەن. 
 
دووشەممە، 5ى ئایارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شەپۆلێکى خۆڵبارین لە عێراق دەبێت کە زیاتر لە ناوچەکانى نێوەڕاست و رۆژئاواى عێراق چڕ دەبێت و لە باکوور کاریگەرییەکى کەمتر دەبێت".
 
عامر جابری رایگەیاند: "خێرایی با لە چەند ناوچەیەک لەنێوان 30 بۆ 50 کیلۆمەتر لەکاژێرێکدا دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆى دروستبوونى خۆڵبارینەکە و مەوداى بینین بەگشتى لەو ناوچانەى کە خۆڵبارینەکە دەیانگرێتەوە چوار کیلۆمەتر دەبێت". 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتووچۆى عێراق هۆشدارییەکى دایە شۆفێران لە ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق و دواى لێکردن بە "خێرایی" ئۆتۆمبێلەکانیان لێنەخوڕن و گڵۆپ هەڵبکەن، بەوپێیەى لە هەندێک رێگە مەوداى بینین نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێ.
 
ئەو شەپۆلە لە نێوەڕاستى مانگى نیسانەوە رووى لە عێراق کردووە و دووهەفتەیە تووندتر بووە. گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت: "ئەو خۆڵبارینەى ئێستا تاوەکو رۆژى سێشەممە بەردەوام دەبێت".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە